ئەنجامی كۆنگرەی یەكێتی رەت كرایەوە

:: AM:09:54:02/10/2023 ‌
ناوەندی وەستانەوەی ناوك وەك گرووپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەڵوێستی لەسەر ئەنجامی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێـتیی راگەیاند، بە قسەی ئەوان چیتر ئەو یەكێتییە دیموكراتخوازە و نیشتمانپەروەرە نییە.

ئەمڕۆ دووشەم دووی تشرینی دووەم، لە بەیاننامەیەكی ناوەندی وەستانەوەی ناوكدا هاتووە، شانۆگەریی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی رەت دەكەینەوە، چونكە هەلومەرج و شێوازی دانان و دەستنیشانكردنی ئەندامانی كۆنگرەی پێنج كە هیچ بنەمایەكی دیموكراسییانە و ئازادیی خۆكاندیدكردن و ئازادیی دەنگدانی تیا بەدی نەكرا، رێگریكردن لە سەتان تێكۆشەر و كەسوكاری شەهید و خاوەنی راستەقینەی یەكێتی لە هاتنە ناو كۆنگرە.

باسیان لەوەش كردووە، ئەگەرچی ژمارەیەكی بەرچاو لەو هەڤاڵانەی هەڵگری فیكر و هەڵوێستی ناوەندی وەستانەوەی یەكێتین، سەركەوتن بۆ سەركردایەتی، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەكی گشتی پێدراوەكانی ناو كۆنگرە، سەلماندیان یەكێتی پاشەكشەیەكی جەوهەری و بنەڕەتی كردووە لەو بنەمایان پێشتر لەسەری دامەزرابوو و هەزاران شەهیدیش خوێنیان بۆ ڕشت، وەك هەڵبژاردن و مافی خۆكاندیدكردن بۆ سەركردایەتی و ئۆرگانە جیاوازەكان، مافی رەخنەگرتن و هەڵوێست وەرگرتن و داڕشتنی پێڕەو و پرۆگرامێكی تۆكمە و سەردەمیانە كە دەستووری بەڕێوەبردنی حزبن.

ئاشكرایان كردووە، یەكێتی نوێی ئەمساڵ، چیتر ئەو یەكێتییە دیموكراتخوازە و نیشتمانپەروەرە نییە كە زیاتر لە چوار دەیەیە لەسەری دەڕوا و خەڵك بۆ ئامانجە دیموكراسی و نەتەوەییەكان دەهاتنە ریزیەوە، ئێستە حزبەكە بەتەواوەتی دەستەمۆ بووە لە دەستی چەند كەسانێك كە دوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003ەوە، لە خۆشییەكانی بەریتانیا و ئەوروپا گەڕاونەتەوە كوردستان و وەك كۆمپانیایەكی كەڵەكەكردن و كۆكردنەوەی سامانی ناشەرعی لەسەر حیسابی برسیكردنی میلەت، حزبەكە بەكار دەهێنن.

ئەو ناوەندە داواش لە سەرجەم تێكۆشەران و نیشتمانپەروەران و سیاسەتمەداران و دیموكراسیخوازانی ناو حزبەكە دەكات، هەرچی زووە هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ راستكردنەوەی هەڵە ستراتیجییەكانی ناو حزبەكە و هێنانەوەی حزبەكە بۆ سەر شانۆی نیشتمانپەروەری و تێكۆشان و پاككردنەوەی سەركردایەتییەكەی لە كۆنە بەعسی و سیخوڕ و گەندەڵكاران و خەڵكی ناشایستە و نامۆ بە یەكێتی.




وشە - رامیار جەواد