پەكەكە لەناو كورددا ناوی بە خۆفرۆش هاتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە بەردەوام كار بۆ بەرژەوەندیی دوژمنانی كورد دەكات، بووەتە داردەستی وڵاتان و جێبەجێكاری پیلانی نەیارانی هەرێمی كوردستان، هەمان رۆڵ دەگێڕێت كە جاشەكانی سەردەمی رژێمی بەعس بەرانبەر بە كورد دەیان كرد، ئێستەش پەكەكە بەناوی كوردایەتی و خەبات بۆ گەلی كوردەوە هەمان رۆڵ دەگێڕێت، لەوكاتەی ئامانجی لێدانە لە دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
پەكەكە ئەو هێزەیە كە ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكات، هۆكارێكە بۆ هاتنی هێزی بێگانە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە لایەكی تریشەوە تێكدانی ژیان و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەگەر پەكەكە لەناو خاكی هەرێم نەبێت، هیچ وڵاتێك بوێری ئەوە ناكا دەست بۆ خاكی كوردستان درێژ بكات، بەڵام بەهۆی پەكەكەوە چەندان ناوچەی هەرێم ناسەقامگیر بوون، بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان، هاوكات درۆنی توركیا بەردەوام بەسەر ئاسمانی سلێمانی دەسووڕێتەوە.
لەوبارەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە هەر لە دروستبوونییەوە تا ئێستە كاری بۆ ئەوە كردووە كە كورد لەهەر كوێیەك بێت، رێگە نەدەن بە مافەكانی بگات، بۆ ئەوە دروست كراون تا كوردستان رادەستی دوژمنان بكەن، كاریان ئەوەیە كوردستان بەرەو وێرانە ببەن.
روونی كردەوە، پەكەكە لەناو خاكی كوردستان پەلاماری پێشمەرگەی دا، كە پارێزەری ئەو خاك و ئاڵا و نیشتمانەیە، كەواتە هەموو شتێكیان لێ چاوەڕێ دەكرێت كە بەرانبەر بە كوردستان و خەڵكەكەی ئەنجامی بدەن، بۆیە گرووپێكی چەكداری نایاساییە و لە لایەن وڵاتانیشەوە بە تیرۆرست ناسێنراون، ئەوان كەی ئەوەیان لەدەست دێ خزمەت بە دۆزی كورد بكەن، باشترە پەكەكە كوردستان جێبێڵێت و بڕوات و ئەو خەباتە با هەر بۆ خۆیان بێت.
لای خۆیەوە بڵند فاتیح، شارەزای پێوەندییەكان بە "وشە"ی گوت، پەكەكە سەرئێشەی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان، بەهۆی پەكەكەوە كوردستان رووبەڕووی كێشە بووەتەوە و چاوی لەوەیە خۆی وەك بەدیلێكی حكوومەت دابنێت، چونكە ئەوان كەسیان پێ قبووڵ نییە خۆیان نەبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەوە بكات، چونكە هیچ پێوەندییەكی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە و هێزێكە لە دەرەوەی یاساكانی هەرێم، خەبات بۆ باكور چ پێوەندییەكی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بۆچی دەبێت هەرێم بخاتە دۆخێكی خراپ و نائارامی بكەن و مەترسی لەسەر خەڵكەكەی دروست بكەن.
روونی كردەوە، پەكەكە بۆیە هاتووەتە هەرێمی كوردستان تا ئەو پیلانە جێبەجێ بكات كە بۆیان دانراوە، ئەگینا كوردایەتی لە بەرنامەی ئەواندا نییە، ئەگەر كوردایەتیش دەكەن، ئەوە باكور زۆر پێویستیەتی و با بچێت لەوێ بیكات، چونكە هەرێمی كوردستان گرفتێكی نییە و كوردایەتی دەبەخشێتە پارچەكانی تری كوردستان، ئەوان ئەو كوردایەتییە دەكەن كە لە رۆژئاوا دروستیان كردووە و كوردیان كردووە بە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، بۆیە كوردستان هێڵی سوورە و ناتوانن مەرامەكانیان بەئەنجام بگەیەنن.
هەر لەو بارەوە عەدنان ئەحمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پەكەكە لە هەرێم كاریگەری خراپی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و جوگرافیش هەبووە، ئەوانە گرووپی چەكدارین و بەنایاسایی لەناو خاكی هەرێمن، لەهەر ناوچەیەك هەبن، بەناوی كوردایەتییەوە زیانی زۆریان بە كورد و دۆزی رەوای گەلی كورد داوە، پەكەكە بەئاشكرا دوژمن و داگیركەر دێنێتە سەر خاكی هەرێم، بۆیە ئەگەر پەكەكە نەبێت، هەرێمی كوردستان پێوەندی بەهێزی لەسەر ئاستی دیپلۆماسیەت و ئابووری و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە.
هەروەها گوتی، لە ماوەی رابردوو تا ئێستەش پەكەكە كوردستانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار هێناوە و هیچ كارێكی بۆ بەرژەوەندیی كورد و كوردستان نەبووە، هیچ خزمەتێكی بە دۆزی رەوای گەلی كورد نەكردووە، بگرە گەورەترین گرفتی بەردەم كوردە لە باكور و پرسی كورد لەو وڵاتەدا، بۆیە كاتێك پەكەكە لە هەرێمە، كەواتە كوردستان ئارام و سەقامگیر نابێت، بۆیە خەریكی چەواشەكارییە و دەیەوێت وا نیشانی خەڵك بدات، یان خەڵك وا تێبگەیەنێت كە خەمخۆر و دڵسۆزی كوردە، بەڵام خەمخۆری ئەوەیە كە سەتان گوند چۆڵ كراون؟، یان خەمخۆری ئەوەیە كە بەهۆی ئەوانەوە خەڵكی سڤیل بكرێنە قوربانی و خاكی كوردستان داگیر بكرێت؟
وشە/ تایبەت