لەناو كۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی چی رووی دا؟

:: PM:01:46:03/10/2023 ‌
دواین زانیاری لەسەر كۆنگرەی 12 بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، ئەمڕۆ كامیلی حاجی عەلی كە باڵی ناڕازی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، بزووتنەوەیەكی تری بۆ خۆی راگەیاند، گوتەبێژی بزووتنەوەش دەڵێ، هەموو حزبێك كێشەی هەیە، كۆنگرەش شوێنی چارەسەری كێشەكانە، كۆنگرەكەش شەرعی بووە و ڕێڕەوی یاسایی خۆی بەستووە.

ئەمڕۆ سێشەم سێی تشرینی یەكەم، سەعد عەبدوڵا گوتەبێژی كۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە دەنگدان لەسەر پێڕەوی ناوخۆ كۆتایی پێ هاتووە، دەنگدان لەسەر رابەری گشتی و ئەنجوومەنی شوورا دەستی پێ كردووە و پرۆسەكە بەردەوامە.

ئەو دەڵێ، هەموو حزبێك ئەگەر كێشەیەكی هەبێت، كۆنگرە شوێنی یەكلاكەرەوە و چارەسەری كێشەكانە. ئێمە لە كۆنگرەی 12دا كۆنگرەمان بەست و كۆنگرەكە شەرعی بوو، ڕێڕەوی یاسایی خۆی بەست، بەڵام كۆمەڵێك لەو كەسانەی كە بۆچوونیان جیاواز بوو، ئەنجامی كۆنگرەكەیان پێ قبووڵ نەبوو، بۆیە تا ئەمڕۆ داوای كۆنگرەیان دەكرد، چەند جارێكیش كۆمسیۆن داوای لێ كردووین كە كۆنگرە بكەین، بەڵام بەداخەوە ئەوان بەشداریی كۆنگرەكەیان نەكرد، لە كاتێكدا هەر خۆیان داوای كۆنگرەیان دەكرد، خۆیان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد زۆرینە ئەندامان لای ئەوانن، بۆچی نەهاتن و بەشدارییان نەكرد، پێویستە پرسیار لەوان بكرێت.

باسی لەوەش كرد، پێڕەوی ناوخۆ پەسند كرا، ئێستەش دەنگدان لەسەر رابەری گشتی و ئەنجوومەنی شوورا دەكرێت، دوای كۆتاپێهاتنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەنگەكان جیا دەكرێتەوە، بەڵام ئێمە نازانین كاتەكە كەیە، چونكە شوێنەكە قەرەباڵغە و ئەوان دەزانن.

ئەو گوتەبێژە ئاشكرای كرد، حاجی عیرفان پێڕەوی جێبەجێ كرد، خۆی كاندید نەكرد لە كۆنگرەی 12دا، حاجی عیرفان نەیتوانی 50 هەزار دەنگ بێنێت، بەڵام بە كۆی دەنگی كۆنگرەكە بە سێ ئاستی باڵای حزبدا، حاجی عیرفان كرایەوە بە رابەر و حاجی كامیلیش بە سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورا، ئەم كۆنگرەیە كە رابەری گشتی كاندیدە، یا شوورا خۆی كاندید كردووە، كۆنگرەی حزبی ئێمە نییە، ئێمە كۆنگرەی حزبیمان ئەنجام داوە ساڵ و نیوێك بەر لە ئێستە، دوو ساڵ و نیوی تر كۆنگرەی 13 دەكەین، ئەم كۆنگرەیە تەنیا وەك جێبەجێكردنی یاسایەكی كۆمسیۆنە جێبەجێی دەكەین، بۆ ئەوەی ببین بە حزبێكی فەرمی لە كوردستان و عێراقدا.



وشە - لاڤین عومەر