ئاگات لێیە لە كەركووك چی ڕوو دەدات؟

:: PM:12:21:04/10/2023 ‌
سوپا دابەزیوەتەوە ناو گەڕەكە كوردییەكان، هاووڵاتییە كوردییەكانیش ترسیان هەیە كە هەر ساڵێك نزیك دەبنەوە لە 16 ئۆكتۆبەر، سوپا دەڕژێتە ناو گەڕەكە كوردییەكان و هاووڵاتییانی كورد بێزار دەكەن بە پشكنین. بەرپرسێكیش دەڵێ، ئەوە وا دەكات پێكەوەژیان لەناو كەركووك بخاتە ژێر پرسیارەوە، چونكە كورد لەو شارە هەمیشە هەڵگری پێكەوەژیان بووە و نەتەوەكانی تری قبووڵ كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی یەكەم، زانیار جومعەی چالاك، بە "وشە"ی راگەیاند، كەركووك بێ كێشەیە بەتایبەت لە گەڕەكە كوردنشینەكان، بەڵام كاتێك سوپا و هێز لەو شوێنانە دادەنرێن، تۆ هەستی نەتەوەیی ئەو ناوچانە بریندار دەكەی، بەداخەوە كاتێك حكوومەت بڕیار دەدات جێیەك بپارێزێت، پەنا دەبات بۆ سوپا، ئەوە لە كاتێكدایە كێشەكان گەورەن و هێزەكان ناتوانن كێشەكان كۆنترۆڵ بكەن، كەچی ئەو پەنا دەبات بۆ سوپا.

ئەو دەڵێ، لە كەركووكدا گەڕەكە كوردنشینەكان زۆر بێ كێشەن، سوپا دادەگری لەو شوێنانە و بڵاوەی پێدەكەی، هەستی نەتەوەیی هاووڵاتی بریندار دەكەی، دەبێت حكوومەتی فیداڵی كە خۆی ناوی ناوە سەپاندنی یاسا، دەبێت پسپۆڕی وەربگرێت لە كارەكاندا، دەبێت هێزەكانی تر ناوچەكان بپارێزن كە ئەویش كاری پۆلیسی فیدراڵییە، ئەوە یەكێكە لەوانەی حكوومەتی خۆجێی كەركووك لە مافی یاسایی خۆی لای داوە، دەبێت حكوومەتی فیدراڵی سزایان بدات و ئەم بابەتە بەشێوەیەكی یاسایی نەهێڵێت.

هەردی حوسێن بەرپرسی مەڵبەندی سۆسیالیست لە كەركووك، بۆ "وشە" دەڵێ، "رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر نزیك دەبێتەوە، جارێكی تر ئەم هێزە گەرەكە كوردییەكان گەمارۆ دەدات، بڵاوكردنەوەی هێز لەناو شار شتێكی نامۆیە.

هەردی دەڵێ، "دوای پێكهێنانی حكوومەت، یەك لە خاڵەكان كە سەرۆك وەزیرانی عێراق واژووی لەسەر كردبوو كە دەبێت هێز لەناو شار نەمێنێت و بچێتە دەرەوەی شار، پۆلیسی خۆجێی جێی بگرێتەوە، هێز لەناو شاردا شتێكی نامۆیە، بە سوپاكردن زیاتر دەبینرێن لەناو گەڕەكە كوردییەكان، داوا لە حكوومەتی خۆجێی دەكەین یا سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە سوپاكردن لەناو شاری كەركووكدا نەهێڵێت و لایبدات، چونكە بابەتێكی نامۆیە".

"دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر ئەمە بەدی دەكرێت لە كەركووك، بابەتێك بووەتە جێی سەرنج و تێڕوانینی خەڵك، كاتێك رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر نزیك دەبێتەوە، ئەم هێزە دەبینرێ و گەڕەكە كوردییەكان گەمارۆ دەدات یاخۆ دەست دەكات بە پشكنین، ئەمەیش وایكردووە ترس و دڵەڕاوكێ لای خەڵكی كەركووك دروست ببێت، ئەوەش وا دەكات پێكەوەژیان لەناو كەركووك بخاتە ژێر پرسیارەوە، چونكە ئێمە وەك كورد هەمیشە هەڵگری پێكەوەژیان بووین لەو شارە و نەتەوەكانی ترمان قبووڵ كردووە، بۆیە داواكارین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی خۆجێی و حكوومەتی عێراق، چارەسەرێك بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە و خەڵك بەشێوەیەكی ئاسایی لە ماڵی خۆیاندا بجووڵێنەوە". هەردی حوسێن وا دەڵێ.


وشە - لاڤین عومەر