کوردستان سوود لە ئەزموون و زانستی پۆڵۆنیا وەردەگرێت

:: AM:10:42:09/10/2023 ‌
پێوەندییەكانی كوردستان و پۆڵۆنیا پەرە دەستێنن و نوێنەری حكوومەتیش لە پۆڵۆنیا دەڵێ، دەتوانن سوود لە زانست و كشتوكاڵ و ئەزموونەكانی پۆڵۆنیا وەربگرن كە گرنگن بۆ كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی تشرینی یەكەم، زیاد رەئووف نوێنەری حكوومەت لە پۆڵۆنیا، بە "وشە"ی راگەیاند، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پۆڵۆنیا فراوانن، زیاتر پێوەندیی دیپلۆماسی و زانستی، خوێندن و خوێندنی باڵا هەیە، كونسوڵگەی هەیە لە كوردستان و هەروەها بەشداریی كرد لە رووخانی رژێم لە عێراق، یەكێك بوو لەو هاوپەیمانییەی كە بەشداریی كرد لە شەڕی دژ بە داعش و هاوكاریی هەرێمی كوردستانی دەكرد.

ئەو دەڵێ، ''پێوەندییەكانمان لە زۆر بواردا پێش كەوتووە، سوودێكی زۆرمان وەرگرتووە لە پۆڵۆنیا لە هاوكاری زانستی، تا ئێستە 15 رێككەوتنتمان واژوو كردووە، دەیان قوتابیی خوێندنی ماستەر و دكتۆرایان لەوێ تەواو كردووە و گەڕانەوە كوردستان، ئێستەش نزیكە 200 قوتابی خەریكی خوێندن لە زانكۆ جیاجیاكانی پۆڵۆنیا.''

زیاتر گوتی، كۆمەڵێك ڕێكخراوی مەدەنیی پۆڵۆنیا لەگەڵ ڕێكخراوە مرۆییەكانی كوردستان پێوەندییان هەیە، هاوكاریی زۆری رێكخراوەكانیشیان كردووە، جگە لەوەش ئەو قەیرانەی دروست بوو لە كاتی داعش و دوای داعش، كۆمەڵێك پەنابەر لە سووریا و عێراق روویان لە كوردستان كرد، پۆڵۆنیا وەك ئەركێكی خۆی هاوكاریی ناردووە.

باسی لەوەش كرد، سیاسەتی پۆڵۆنیا بۆ پەنابەران بەردەوام دووپاتی كردووەتەوە، ئێمە پەنابەر بۆ وڵاتی خۆمان وەرناگرین، بەڵام هاوكارییان دەكەین لەو وڵاتانەی كە خۆیان تێیدان، ئەوان لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا و لەناو پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێن، ئێمە لەگەڵ ئەو سیاسەتە نین و نامانەوێ پەنابەر بێنە ناو وڵاتەكەمان، ئێستە رێیەكانی هاتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا گۆڕاوە، بەڕێی بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا كەمتر بووەتەوە، بەڵام بەڕێی چیك و سلۆڤاكیا و ئەوانی تر پەنابەران هەوڵ دەدەن بگەنە ئەوروپا.

ئەوەشی خستە روو، كۆمەڵێك خۆبەخش و رێكخراوی مەدەنی لە سنوور یارمەتیی پەنابەران دەدەن، ئێمە بەردەوامین لەگەڵیان لە پێوەندی و لەگەڵ پاسەوانانی سنوور و لەگەڵ كونسوڵی عێراق، بەدواداچوونێكی زۆریش كراوە بۆ كەسە ونبووەكان، ئەوەی تا ئێستە هەیە پێنج بۆ شەش كەسێكە و دیار نین، پۆڵۆنیا دەڵێ، لەسەر خاكی ئێمە ئەو ونبووانە نەدۆزراونەتەوە، رەنگە لە بیلاڕووسیا یاخۆ دارستانەكان گیانیان لە دەست دابێت.

ئەوەشی راگەیاند، ئاستی زانستیی پۆڵۆنیا هیچی كەمتر نییە لە ئاستی زانستیی وڵاتان، بۆیە دەتوانین لەو بوارەدا سوودی زۆریان لێ ببینین، جگە لە بواری پیشەسازی و گەشتوگوزار، كشتوكاڵ، چونكە پۆڵۆنیا یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا لە بواری كشتوكاڵ، زیاتر لە یەك لەسەر 60 بەرهەمەكەی دەنێرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونیان و كاڵاكانیشیان وەربگرین، ئەزموونێكی زۆریان هەیە بۆ ناساندنی وڵاتەكەیان و ماركێتینگی گەشتوگوزاری وڵاتەكەیان.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لە زۆر بواردا سوودمان وەرگرتووە، شاندی هەرێمی كوردستانمان بانگهێشت كردووە بۆ پۆڵۆنیا بۆ مۆزەخانەكەیان، كە لە كاتی جەنگی جیهانی چۆن خەڵكی پۆڵۆنیا كۆمەڵكوژ كراون، بۆ سوودوەرگرتن لە مۆزەخانەكەیان بۆ ناساندنی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە، هاتوچۆش هەیە لە نێوان كوردستان و پۆڵۆنیا.


وشە - لاڤین عومەر