پێشێلكارییەكانی كەركووك گەیەنرانە یونامی

:: AM:09:59:14/10/2023 ‌
بەرپرسێكی سۆسیالیست رای گەیاند، پێشێلكارییەكانی كەركووك گەیەنرایە یونامی و زیاتر لە 100 كوردی شارەكە لە پۆستەكانیان لادراون، داواشیان لێ كردوون كەیسی كەركووك بە لاڕێدا نەروات.

دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر لە كەركووك، بابەتێك کە بووەتە جێی سەرنج و تێڕوانینی خەڵك، كاتێك رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر نزیك دەبێتەوە، هێزە دەبینرێ و گەڕەكە كوردییەكان گەمارۆ دەدرێت، ئەمەیش وایكردووە ترس و دڵەڕاوكێ لای خەڵكی كەركووك دروست کردووە، هەر ئەوەش وا دەكات پێكەوەژیان لەناو كەركووك بخاتە ژێر پرسیارەوە، چونكە كورد هەمیشە هەڵگری پێكەوەژیان بووە، و حکوومەتی عێراق چەندان جار پێشێلکاری ئەنجامداوە دژ بە کورد و بە مافەکانی، ئێستەش کە نزیکی هەڵبژاردنەکانە، تاکو ئێستەش بارەگاکانی پارتی نەگەڕاونەتەوە ئەو شارە و ئەو حکوومەتەش تا ئێستە تەنیا خەریکی کات کوشتنە.

دوێنێ 13 تشرینی یەكەم، هەردی حوسێن بەرپرسی مەڵبەندی سۆسیالیست لە كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، ''لەسەر داواكاریی یۆنامی، سەرجەم ئەو پارتانەی كە كاندیدیان هەیە كۆ بووینەوە، ئێمە وەك پارتی سۆسیال دیموكرات لەو سەعاتەی بۆمان دیاری كرابوو، چەند بابەتێكمان خستە ڕوو، یەكێك لەو بابەتانەش ڕەوشی تەناهیی كەركووك، بە بەعسكردنی كەركووك و داگیركردنی زەویوزاری خەڵكی كەرووك باس كرا.''

هەردی دەڵێ، لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە، چەند بابەتێك بوونەتە جێی تێڕوانینی خەڵك، ئەویش لابردنی كاربەدەستە كوردەكان و زەویوزاری هاووڵاتییان گفتوگۆیان لەسەر كرا، لەگەڵ چوار شەهیدەكەی كەركووك، بابەتەكانیان بەهەند وەرگرت، لە دوای 16 ئۆكتۆبەر 109 كورد لە پۆستەكانیان لادراون، داوامان كرد ئەو كەیسە بەلاڕێدا نەڕوا و بەشێوەیەكی ورد چاودێری و لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكرێت و خوێنی كورد بەفیڕۆ نەڕوا.

زیاتر گوتی، "گفتوگۆ بۆ هەڵبژاردن كرا، بۆ ئەوەی بتوانین كەشێكی ئارام بۆ هەڵبژاردن دەستەبەر بكەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت بە ئاسانی بڕواتە سەر سندووقەكانی دەنگدان، ئێمە وەك كورد هەمیشە هەڵگری پەیامی پێكەوەژیان بووین و نەتەوەكانی ترمان قبووڵ كردووە، بەڵام ئێستە دەبینین لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، ئەوان بە هیچ شێوەیەك كوردیان قبووڵ نییە، ئەم یەكتر قبووڵ نەكردنەش، پێكەوەژیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە".


وشە - لاڤین عومەر