"پیاو هەیە ژنەكەی دەری كردووە و هەیشە لە لایەن ژنەكەیەوە لێی دەدرێت"

:: PM:08:31:14/10/2023 ‌

 بورهان عەلی، سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان لە دیمانەیەكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر زیادبوونی حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە پیاوان لە لایەن ژنانەوە، ئەو باس لەوە دەكات كە شەوانە لە لایەن پیاوانەوە زۆر تەلەفۆنمان بۆ دەكرێت كە دەركراون و ماڵیان جێ هێشتووە، ئاشكرای دەكات كە پیاو هەیە لە لایەن ژنەكەیەوە لێی دەدرێت.

 *ئەمساڵ توندوتیژی بەرانبەر بە پیاوان لە چ ئاستێكدایە؟

بەداخەوە زۆرە، بەرارود بە ساڵی رابردوو حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە پیاوان لە لایەن ژناكانیانەوە زۆر بووە، بەردەوام پیاو رووبەڕووی توندوتیژی و لێدان و دەركردن و سزادان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵەكەی دەبێتەوە، حاڵەتەكان لە مانگێك بۆ مانگێكی تر جیاوازی هەیە، بەڵام شەوانە پێوەندییمان پێوە دەكرێت بەوەی پیاوان لە لایەن ژنەكانیانەوە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

 *بۆ ئەمساڵ چەند حاڵەتی توندوتیژی بەرانبەر پیاوان هەبووە؟

بە پێی لیژنەی تۆماركردنی كەیسەكان لە رێكخراوەكانمان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 476 جۆری سكاڵا و توندوتیژی لە لایەن ژنانەوە بەرانبەر بە پیاوانیان تۆمار كراوە، ئەوە ئەو كەسانەن كە ژنەكانیان توندوتیژییان بەرانبەر دەكەن، پیاوانێكی زۆریش هەن كە توندوتیژییان بەرانبەر دەكرێت و لەبەر باری كۆمەڵاتی پێوەندی بە رێكخراوەكەمان ناكەن و حەز ناكەن كێشەكەیان بچێتە دەرەوە، ئەگەرنا حاڵەتەكان زۆرن و پیاوانێكی زۆر بەدەست ژنەكانیانەوە تووشی دۆخێكی خراپی دەروونی بوونەتەوە.

*بەدەر لە توندوتیژی، لە ماوەی ئەمساڵ حاڵەتی خۆكوشتن و كوشتن هەبووە؟

بەڵێ، هەر لە ماوەی ئەمساڵ 49 پیاو بە هۆكاری جیاجیا خۆیان كوشتووە، ئەویش ئامارەكە زیادی كردووە، هەروەها شەش حاڵەتی كوشتنی پیاوان لە لایەن ژنەكانیانەوە بە هاوكاری كەسانی تر هەبووە، تێكڕای ئامارەكانی توندوتیژی و كوشتن و خۆكوشتن بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی كردووە، ئەوەش پێمان دەڵێت كە هۆكار و پاڵنەرەكانی ئەنجامدانی توندوتیژی لەناو خێزانی كورد زیادی كردووە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو كەمتر لە 350 پیاو توندوتیژییان بەرانبەر كرابوو، 39 پیاو خۆیان كوشتبوو، چوار پیاویش لە لایەن ژنەكانیان بە هاوكاری كەسانی تر كوژرابوون.

*دەركردنی پیاو لە لایەن ژنەكانیانەوە زۆربووە، ئەو حاڵەتانە تۆمار دەكرێن؟

بەڵێ، پیاو هەیە كە لەگەڵ ژنەكەی رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە، ماڵەكە جێ دێڵێت و دەچێت لە شوێنی تر دەمێنێتەوە، یان پەنا بۆ هوتێلەكان دەبا و لەوێ دەمێنێتەوە، یان لە باخ و ڤێلاكەی دەمێنێتەوە، بەگشتی پیاو ماڵ جێبڵێت باشترە لەوەی ژن ماڵ جێبێڵێت، پیاو بەو پێیەی بەرپرسە لە دابینكردنی پێویستییە داراییەكانی خێزان، بۆیە ئەگەر پەنا بباتە دەرەوەش بەبێ كێشە بگەڕێتەوە، بەڵام ژن ئەگەر بڕوات رەنگە بگاتە حاڵەتی جیابوونەوە، جگە لەوەش حاڵەتی دەركردن هەیە، پیاوانێك لە لایەن ژنەكانیانەوە دەردەكرێنە دەرەوە و شەو لە دەرەوە دەمێننەوە.

*ئێوە چۆن دەتوانن هاوكاری ئەو پیاوانە بكەن كە لە ماڵ دەردەكرێن؟

 ئەگەر كێشەكە بێتە لای ئێمە هاوكارییان دەكەین بۆ گەڕانەوە بۆ ناو خێزان و كەسوكاریان، بەڵام لە رووی مادییەوە نەدەتوانین هاوكارییان بكەین و نە شوێنی مانەوەمان هەیە بیدەن بەو پیاوانەی لە ماڵ دەردەكرێن یان ماڵ جێدێڵن، تەنیا كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكەیان دەكەین بە بەیەكگەیاندنەوەیان، لە رابردووش زۆر كێشەمان چارەسەر كردووە.

*پیاو هەیە لە لایەن ژنەكەیەوە دەست بەسەر موڵكوماڵ و سامانی گیرابێت؟

ئەو حاڵەتانە زۆرە، پیاو هەیە لە لایەن ژنەكەیەوە دەست بەسەر هەرچی موڵك و سامانی هەیە گیراوە و توندوتیژی بەرانبەر كراوە و دەركراوە، پیاو هەیە ماڵی كردووە بە ناوی ژنەكەیەوە دوای ماوەیەكە ئەوە بەكارهێنراوە بۆ ئەوەی مافی پیاوەكە زەوت بكات و دەستی بەسەر هەموو شتەكانی پیاوەكەی گرتووە و پیاوەكەی دەردەكات، هەندێك پیاو زۆر داماوانە رووبەڕووی توندوتیژی ژنان دەبنەوە، پیاویش هەیە لە لایەن ژنەكەیەوە لێی دراوە.

 دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل