كەمال كەركووكی: پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕاوەتەوە كەركووك

:: PM:02:58:16/10/2023 ‌
بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك- گەرمیان رای گەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕاوەتەوە بۆ كەركووك و بۆ زانیاریی هەموو لایەك دەڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو دڵ و مێشكی هەموو كەركووكییەكی دڵسۆزە، جا چ كوردبن یاخۆ لە نەتەوەكانی تر، ئێمە تەنیا بارەگاكانمان داگیر كراون.

شەش ساڵ بەسەر 16ی ئۆكتۆبەر و كۆنترۆڵكردنی كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان لەلایەن عێراقەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا كاریگەرییەكانی هێرشی عێراق بۆ سەر ئەو ناوچانە و پێوەندیی نێوان یەكێتی و جاشەكانی عێراق لەلایەك و كوردانی ئەو ناوچانە لەلایەكی تر بەردەوامی هەیە.

لە ساڵی 2003وە تا ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، پارتە كوردییەكان دەسەڵاتی تەواویان لەكەركووك و ناوچە كێشە لە سەرەكان هەبوو، بەڵام ماوەی پێنج ساڵە تەواوی دەسەڵاتەكانیان لەو ناوچانە لە دەست داوە، بەشێوەیەك تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەندێك لەو ناوچانە بارەگای نییە.

ئەمڕۆ دووشەم 16 ئۆكتۆبەر، كەمال كەركووكی بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان كەركووك-گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، پێنج میحوەر پارێزگاریی لە كەركووك دەكرد، چواری هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، میحوەری پێنج لە رۆژئاوای كەركووك بوو، هی پارتی بوو، ئێمە بۆ شەڕی داعش لەوێ نەبووین، هێزەكانمان بۆ شەڕی داعش دابەش كردبوو.

كەمال كەركووكی دەڵێ، "میحوەری ئێمە بەتەنیا هەشت لیوای پێشمەرگەی لێ بوو، شەش لیوای هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، لیوای یەك و سێ لیوای بەرگریی فریاكەوتن بوو، لیوای كاك سیامەند هەبوو، یەكەی 108 هەبوو هی مامە غەفە بوو، لەگەڵ چوار لیوای هاوبەش كە نیوەی هی پارتی بوو و نیوەكەی تر هی یەكێتی بوو، بەگشتی شەش لیوای یەكێتی لەوێ بوون، دوو لیوای پارتی لەوێ بوو، ئەویش كە یەكێتی كشایەوە، تانك و هەمەر و چەكەكانی برد و شوێنەكانیان چۆڵ كرد، پێشتریش ڕێككەوتبوون لەگەڵ لایەنەكانی عێراقی كە بچنە ناو بارەگاكانیان، شوێنەكانیان بۆ چۆڵ كردبوون، شەقامەكانیان بۆ كردبوونەوە، لەو بارودۆخەدا ئێمە بە دوو لیوا بڕۆیشتینایە ناو شەڕی كەركووك، رەنگە شەڕی كورد و كوردیش دەستی پێ دەكرد".

زیاتر گوتی، نەك لەبەر شەڕی ناوخۆ، شەڕەكە نابەرانبەر دەبوو، شكستی پێوە دیار بوو، هەرچەندە دڵمان بە خەڵكی كەركووك زۆر خۆش بوو كە خەڵكێكی قارەمانن رەنگە زۆر كەس بكوژرانایە، دوای كۆبوونەوەیەك ئێمە بڕیارمان دا لە پردێ بەرگری بكەین و تێیدا سەركەوتوو بین.

"بۆ زانیاریی هەموو لایەك، پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕاوەتەوە بۆ كەركووك، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو دڵ و مێشكی هەموو كەركووكییەكی دڵسۆزە، جا چ كوردبن یاخۆ لە نەتەوەكانی تر، ئێمە تەنیا بارەگاكانمان داگیر كراوە، لە بۆنەیەكدا گوتیان ئەم بارەگانە خەتەرن، گوتم ئەگەر خەتەر بێت ئەوانەی لەناویدان خراپن نەك دار و دیواری بارەگاكان، ئەمە بەهانەیە، بۆ ئەوەی كەركووك تەعریب بكرێت و پێكهاتەی كوردی تێدا كەم بكرێت و مافی گەلی كورد پێشێل بكرێت، كوردەكان دەربەدەر بكەن، ستەم لە كورد بكەن، ئەگەر لێشیان بدرێت قسە نەكەن و زۆر شتی تریش، من نامەوێت تێیدا قسە بكەم، بەڵام ئەوە راستییە". كەمال كەركووكی وا دەڵێ.


وشە - لاڤین عومەر