ڤیدیۆ گرافیكی‌ وشه‌.. 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتێك بوو به‌ تامی تاڵاو

:: PM:03:30:16/10/2023 ‌
ساڵی 2017، دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، گرووپێكی ناو یەكێتی لەگەڵ میلیشیاكانی عێراق رێككەوتن و كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانیان چۆڵ كرد، ئەو ڕۆژە بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە مێژوودا تۆمار كرا. 

ئەو رۆژە، حزبێك گوایە رووبارێك خوێنی رشتووە لەپێناو "مافی چارەی خۆنووسین" كەوتە هەلەكەسەمای خۆبەدەستەوەدان بۆ شۆڤێنی و میلیشیاكان، وەك شانازی دەیدا بەناوچاوانی كورددا.. یەكێتی لە 16ی ئۆكتبەردا دڵی كەركووكییەكانی پڕ كرد لە زووخاوی لە دەستدانی خاك.. هەموو كوردێكی بە شەرەفی گۆی زەویشی خستە گریان.

ئەو ڕۆژە، كوردی دڵسۆز بینی پێشمەرگە فرمێسك لە چاوی قەتیس بووە و ئاڵای كوردستان لە كەركووك هێنرایە خوارەوە و پەیكەری پێشمەرگە ئاڵای داگیركەری خرایە دەست.

دوای ئەو رۆژە، تەعریب دەستی پێ كردەوە و بەعسئاسا مامەڵە لەگەڵ كوردی كەركووك و خاكی جووتیاران دەكرێ، سەتان خێزانی ئاوارە هێنرانەوە گوندەكان و تا ئێستەیش تەحەڕی و پشكنین لە گەڕە كوردییەكان دەكرێت و بە چەكەوە هەڵدەكوتنە سەر گوندەكانی كاكەیی. 

لە دوای خیانەكەتەوە، خوێندن بە زمانی كوردی كەوتە ژێر گوشار و دەیان بەرپرسی پەروەردەیی لادران و خوێندنگە كوردییەكان داخران... ستەم لێرە بە كۆتا نەهات، كوردەكان لە دامەزراوەكانی سنوورەكەدا دوور خرانەوە تەعریب و داگیركاری راستەقینە دەستی پێ كرد.

ئەوە تەنیا داگیركردنی شارێك نەبوو، گۆڕینی دیمۆگرافیا و كولتوور و هەڵكێشانی ریشەی نەتەوەیی كوردە لە كەركووك... شارێك وەك سەربازگەیەكی گەورە دەبینرێ‌ و سەپێنراوێكی عەرەب ئیدارەی دەدات و لە بچووكترین خۆپێشاندانی كوردانەدا، دەیان هەزار چەكدار دەخرێنە ئامادەباشییەوە و تەقەی راستەوخۆ لە گەنجانی كورد دەكرێ.

ئەوەی كرا گرووپێكی ناو یەكێتی بە رێككەوتنێكی ژێربەژێر كردیان و دەست لەملانێی پێشمەرگەی كوردستانیان بەو خیانەتە گۆڕی بۆ گومان و دابڕان. هەر ئەوكاتە سەركردە دێریینەكانی ناو یەكێتی ئەو گرووپەیان بە كاڵفام و هەرزە و خیانەتكار ناو برد و بافاڵ تاڵەبانیش بۆ پشتیوانی بڕیارەكەیان لە كەركووك، بەڵگەی واژووی 38 ئەندامی سەركردایەتیی بڵاو كردەوە.



وشە - وشه‌