لە پڕۆژەیەکدا 300 هەزار داربەڕوو چێنراون و 700 هەزاری تر دەچێنرێن

:: PM:02:29:17/10/2023 ‌
نوێنەری رێكخراوی هەسار بۆ ژینگە رای گەیاند، لە چاندنی ئەو یەك ملیۆن داربەڕووە بەردەوامن لە كوردستان، ئەمجارە لە شاری دهۆك دەست پێ دەكەن و بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ سێشەم 17 تشرینی یەكەم، رێباز دۆسكی نوێنەری رێكخراوی هەسار پلەسی ژینگەیی، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی ساڵێكە پڕۆژەی چاندنی یەك ملیون داربەڕوو لە كوردستان راگەیەنراوە، تا ئێستە سەرووی 300 هەزار داربەڕوو چێنراون.

رێباز دەڵێ، "پڕۆژەكە سەرەتا لە هەولێر دەستی پێ كردووە و ئێستە لە شاری دهۆكیش دەست پێ دەكات".

زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە لەلایەن رێكخراوی هەسار پلەسی ژینگەیی، بە هاوكاریی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دروست دەكرێ و دەزگەی روانگەش پشتوانییەكی باشیان دەكات.

باسی لەوەش كرد، ئەوان بۆیە داربەڕوویان هەڵبژاردووە، چونكە دارێكی خۆماڵییە و بەهێزە و دەیان ساڵ دەمێنێ، پێویستی بە ئاودێری كەمە و ژینگەدۆستە و دارێكی جوانە و هەمیشە لە زیادبوون و گەشەسەندندایە.

" جگە لە چاندن، هاوكات پاراستن و گەشەسەندنەكەشی هەر لە ئەستۆ دەگرین". ڕێباز دۆسكی وا دەڵێ.

ئەوەشی گوت، لە ئایندەدا كاری باشتریش بۆ ژینگە دەكەن، لەوانە ریسایكلینكردنی ئاوی پیس و زێرابەكانەوە سوود وەردەگرن لە وزەی خۆر لە جیاتی وزەی سووتەمەنی.


وشە - لاڤین عومەر