جووتیارێكی گەرمیان 300 هەزار دارخورما دەچێنێت

:: AM:10:24:19/10/2023 ‌
جووتیارێكی گەرمیان 300 هەزار دارخورما دەچێنێت و دەڵێ، گەورەترین پڕۆژەی كشتوكاڵییە و چوار ساڵی تر دەگاتە بەر.

سێکتەری کشتوکاڵ، بنەمای سەرەکی سیاسەتی ئابووری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە چوار ساڵی رابردوودا، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشتر، لە رێی هەمەچەشنکردنی داهات و دابینکردنی سەبەتەی خۆراک و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، هاوکات بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران و رەخساندنی هەلی کار و بووژانەوەی گوندەکان.



لە ماوەی چوارساڵدا، پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سێکتەری کشتوکاڵ و جووتیاران پەرەسەندنێکی زۆری بەخۆوە بینیووە، قەبارەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرە لە 1.8%ـەوە بەرزبووەتەوە بۆ 8%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.


جووتیارێكی گەرمیان بەناوی محەمەد ئەكبەر ئەمڕۆ پێنجشەم 19 تشرینی یەكەم، بە "وشە"ی راگەیاند، بەرنامەمان دانا پڕۆژەی چاندنی دارخورما دەست پێ بكەین، داوامان لە شادیە حوسێن بەرپرسی كشتوكاڵی گەرمیان و وەزیری كشتوكاڵ كرد هاوكاریمان بكەن، هاوكارییەكی زۆریشیان كردین، پاشان هەستاین بە دروستكردنی پڕۆژەكە.

محەمەد دەڵێ، وەزیری كشتوكاڵ پاڵپشتمان بوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، دارەكەش پێكهاتووە لە جۆری داری خورمای بەرهەمی كە 300 هەزار دارخورمایە، لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هێناومانە و ئەم پڕۆژەش لە سنووری هەرێمی كوردستاندا یەكەم پڕۆژەیە كە دەستمان پێ كردووە.

"لە سێ بۆ چوار ساڵی تر بەرهەمی خورمای خۆمان دەبێت لەم سنوورەدا". محەمەد ئەكبەر وا دەڵێ.



وشە - لاڤین عومەر