"رووداو"، كە یەكێكە كە كەناڵە تەلەڤزیۆنەكانی كوردستان، ماوەیەكە بەهۆی شێوازی رووماڵی هەندێك پرس و دۆخ گومانی لەسەر دروست بووە، بە جۆرێك خەڵك گەیشتووەتە ئەو راستییەی كە كەناڵەكە گوماناوییە.
"رووداو"، لە ماوەی رابردوو بە ئێستەیشەوە بەتەواوی بووە بە پارێزەری كوڕانی تاڵەبانی، بەجۆرێك میدیای یەكێتیش وا مامەڵە ناكەن، ئەوەیش گومانی دروست كردووە كە ئەو كەناڵە دەیەوێ پەلەقاژەی تێكدانی دۆخی كوردستان بكەن.
لە رووماڵی هەواڵی گرتنی دوو رۆژنامەنووسی سلێمانی، وەك چاودێران دەڵێن، "رووداو"، زۆر نابەپرسانە مامەڵەی كرد، بەجۆرێك شەرعیەتی بە گرتنی رۆژنامەنووسان دەدا، ئێستە "رووداو"، وەك پاسەوانی جووتبرای تاڵەبانی لێ هاتووە، كە شارەزایان ئەوە بە رێككەوتنی ژێربەژێر و گوماناوی لێك دەدەنەوە.
بۆیە لە سایەی ئەوەی لەو كەناڵە تێبینی دەكرێت، لای خەڵك ئەو شێوازە مامەڵەكردنەی "رووداو"، دەیكات ئەو پەندە كوردییە بیر دەخاتەوە كە دەڵێت، ئەو ماستە مووێكی تیادایە".
هەر ئەو كەناڵە لە ماوەی شەڕی داعش و دواتریش شەڕفرۆشتنەكانی بەغدا بە هەرێم، رۆڵی ئەرێنی بۆ كوردستان نەبووە، كە شەڕەكەی دوایی قەرەچوغیش رووی دا، دەیانویست ئاگری شەڕەكە خۆش بكەن، ئەوەش وای كردووە كە بەشێك لە چاودێران پێیان وا بێت كە پێویستە ئەو كەناڵە بگەڕێتەوە سەر بنەمای خۆی كە لەسەری دامەزراوە.