وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی كرد، دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن، بەڵام لەبارەی كوردستان رای گەیاند، تەنیا ئەگەر پێویستی كرد بمێننەوە.
ئەمشەو 27ی ئۆكتۆبەری 2023، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، نەخشەیەكی عێراقی بڵاو كردووەتەوە و لەگەڵ نەخشەكەیشدا كە تەواوی ناوچەكانی عێراقی بە سوور نەخشاندووە، جگە لە هەرێمی كوردستان بە رەنگی پرتەقاڵی، داوای لە هاووڵاتییانی كردووە بە هەموو شێوەیەك عێراق جێبهێڵن و لە عێراق نەمێننەوە.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا هۆشداری بە هاووڵاتیانی خۆی دا كە لەژێر رۆشنایی جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەزە، رەنگە بە خێرایی رەوشی عێراقیش تێكبچێت و مانەوە تێیدا مەترسیدارە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش رای گەیاندووە كە تەنیا بۆ كاری پێویست لەوێ بمێننەوە.
ئەم داوای هۆڵەندا لە کاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوویشدا ئەمەریكا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی كرد، بە هیچ شێوەیەك گەشت بۆ عێراق نەكەن، هاوكات داوای كرد ئەو فەرمانبەر و دیپلۆماتكارانەی كە مانەوەیان پێویست نییە لە عێراق بگەڕێنەوە ئەمەریكا.