ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان سەنی ناسراو بە لاكشیمبا، كەوتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو ئۆتۆمبێلە چەندان جۆر تایبەتمەندیی بۆ زیاد كراوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 29ـی تشرینی یەكەم، فەتحوڵا وەهاب فرۆشیاری ئۆتۆمبێل لە پێشانگەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان سەنی ناسراو بە لاكشیمبا، هاتووەتە بازاڕەكانی كوردستان و چەند تایبەتمەندییەكی نوێی بۆ زیاد كراوە.
زیاتر گوتی، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی، جۆری كوشنەكانی گۆڕیوە لە قوماشەوە كراوەتە جلد و رەنگی كوشنەكانیشی سوورە، هەروەها هەواش بۆ دوو كوشنەكەی پێشەوە زیاد كراوە.
باسی لەوەش كرد، سیستمی گێڕەكەشی دەستكاری كراوە، پێشتر سیستمی گێڕەكەی تێكەڵ بوو واتا ئۆتۆماتیك و عادی لەسەر یەك ئاراستەی بوو، بەڵام ئێستە جیا كراوەتەوە ئۆتۆماتیك لە دەستی راستە و عادی لە دەستی چەپە.
لەبارەی نرخی ئەو مۆدێلەی لاكشیمبا روونی كردەوە، بە ژمارەكردنەوەوە نرخەكەی دەگاتە 16 هەزار دۆلار واتا 160 وەرەقە، ئەوەیش بەپێی گۆڕینی پارچە و رەنگ و رۆیشتنی دەگۆڕێت.
ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان سەنی ناسراو بە لاكشیمبا، لە هەرێمی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە و هاووڵاتییەكی زۆر كڕیاری ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەن، هەرچەندە شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل هۆشداری دەدەن لەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە لەرووی تایبەتمەندیی سەلامەتی باش نییە.