لە ئەنجامی شەڕەکەی یانەی دهۆك و زاخۆ 33 کەس بریندار بوون

:: AM:09:05:05/11/2023 ‌
لە یاریی دوێنێی شەوی یانەی دهۆك و زاخۆ، شەڕ ڕووی دا و لە ئەنجامی بەریەككەوتنی هاندەرانی هەردوو یانە، 33 كەس بریندار بوون، یانەی دهۆک، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێ "بێدەنگ نابین و ئەوەی رووی دا كارێكی نابەرپرسانە بوو.".
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی عێراق، سەعات 19:00ـی ئێوارەی دویچنیچ شەموو،  هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ رووبەڕووی یەکتر بوونەوە  و بە گۆڵێک بەرانبەر بوون، بەڵام دوای یارییەکە، شەڕ لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروست بوو، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا 33 کەس بریندار بوون، کە دووانیان چەقۆیان بەرکەوتووە.
 
کارگێڕیی یانەی دهۆک لە راگەیەنراوەکەدا دەڵێ، "رووداوەکانی یارییەکەی ئەمشەو دڵگرانی کردین کە ژمارەیەک هاندەری ئێمە بە چەقۆ بریندار کران و ژمارەیەکی زۆری کورسیش شکێنران و سووتێنران، ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی سەرپەرشتیارانی تەناهی و کارگێڕیی یارییەکەین و هەر شتێک پێویست بێت، بە بەڵگەوە لای کارگێڕی یانەکەمان رادەست کراوە و دراوە بە لایەنی پێوەندیدار."
 
یانەی دهۆک هەروەها دەڵێت، "لەسەر مافی یانەکەکان و هاندەرانمان بێدەنگ نابین و  ناهێڵین مافەکانمان پێشێل بکرێن".
 
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی یانەی دهۆکدا هاتووە، "هاتنی ئەو ژمارەیەی هاندەران بەبێ رەزامەندیی کارگێڕی یانەی دهۆک بووە دەرگاكان شكێنراون و ئامانج لێی ئاژاوەنانەوە بووە.



وشە - سۆران عەزیز