ئەمڕۆ لە هەولێر فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوە دەچێت

:: AM:08:46:08/11/2023 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بەڕێوە بچێت، ئازاد محەمەد جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە، موژدەیەك بە خەڵكی هەولێر دەدات و لە فێستیڤاڵەكەی ئەمڕۆش رێنادات جووتیاری تر بەشداری بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تشرینی دووەم، ئازاد محەمەد جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر لە بەردەم پاركی شانەدەر دەكرێتەوە.

زیاتر گوتی، فێستیڤاڵەكە بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، خۆم بە تەنیا بەشداری دەكەم و بەڕێوەی دەبەم، بڕی 100 تۆن هەنارم ئامادە كردووە بۆ فێستیڤاڵەكە.

باسی لەوەش كرد، لە دوو ساڵی رابردوو باس لەوە دەكرا هەناری خراپ هێنراوە و بەناوی من ساغ كراوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا بەرهەمی خۆم نمایش دەكەم، هەروەها بۆ خەڵكی هەولێر موژدە بێت كە بەرهەمی جیاواز و ناوازەم ئامادە كردووە و یەكەمجارە پێشانی خەڵك دەدرێ‌.

بەگوتەی ئازاد، 150 دەبە ئاوی هەناری ئامادە كردووە و دەیهێنێت بۆ هەولێر، بۆیە لەوێ‌ دەیكوڵێنێت و راستەوخۆ دەیفرۆشێت بە هاووڵاتییان.

 فێستیڤاڵەكە لە سەعات هەشتی بەیانی دەست پێ‌ دەكات و تا سەعات هەشتی شەو بەردەوام دەبێ.



وشە - رامیار جەواد