خاتوونە ئەكتەرێكی ئیسرائیلی بە هاوكاریی دەرهێنەرێك، پلانی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی دیكیۆمینتاریی تایبەت بە هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل داناوە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو ئەو فیلمە نمایشی تایبەتی لە ئەمەریكا بكەوێتە بەرچاو.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، "جال جالۆت" كە خاتوونە ئەكتەرێكی ئیسرائیلییە، پلانی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی دیكیۆمینتاری داناوە كە تایبەتە بە هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل كە لە حەوتی مانگی رابردوو ئەنجامی دا، لەو فیلمەدا هاوكاریی دەرهێنەر "گای ناتیڤ" دەكات. ئەوەیش یەكەمین فیلمە لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بێتە بەرهەم.
باس لەوە دەكرێ كە ئەو فیلمە ماوەكەی 45 خولەكە و ناوی فیلمەكەیش "Bearing Witness" ـە، تێیدا ئەو گرتانە نمایش دەكرێ كە چۆن لە بەرەبەیانیی حەوتی تشرینی یەكەم، حەماس هەزاران مووشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كرد، هاوكات ژمارەیەكی زۆریش لە چەكدارانی دزەیان كردە ناو وڵاتەكە و سەتتان بارمتەیان گرت و بۆ كەرتی غەزەی فەلەستینییان گواستەوە.
دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە بڕیارە ئەو فیلمە لە هەفتەی داهاتوو كە رۆژەكەی دیاری نەكراوە، نمایشێكی تایبەت بۆ 120 كەسایەتیی جیهانی بكرێت، فیلمەیش لە لۆس ئەنجیلۆس پێشان دەدرێت.
بەرهەمهێنانی فیلمەكە و پێشاندانی لە ئەمەریكا، زیاتر بۆ ئەوەیە وەك بەڵگەیەك بخرێتە بەرچاو كە حەماس چۆن بەشێوەیەكی دڕندانە خەڵكی سڤیل و منداڵانی ئیسرائیلی كوشتووە، تا بزانرێ هێرشەكەی ئێستەی ئیسرائیل كە مانگێكی تێپەڕ كردووە بۆ سەر شاری غەزە، هۆیەكەی دەستپێشخەریی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بووە.
جێی باسە لە حەوتی مانگی تشرینی یەكەمەوە بە دەستپێشخەریی حەماس جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ كردووە و ئەمڕۆ 31 رۆژ بەسەر ئەو جەنگەدا تێدەپەڕێت. بەپێی دواین ئامارەكان لە یەك مانگدا 10 هەزار و 165 فەلەستینی كوژراون و ژمارەی كوژراوانی ئیسرائیلیش دەگاتە نزیكەی هەزار و 500 كەس بەو پێیە كۆی ژمارەی كوژراوانی جەنگ لە یەك مانگدا گەیشتووەتە 11 هەزار و 665 كەس. جگە لەمانە سەرووی 20 هەزار فەلەستینی و حەوت هەزار ئیسرائیلی بریندار بوون و زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار كەسیش ئاوارە بوون.