سەرئێشە حاڵەتێكە وەك كاریگەریی هەندێك نەخۆشی یان دۆخی فسیۆلۆجی دروست دەبێت، زۆر جار ئەوانەی تووشی دەبنەوە پەنا بۆ خواردنی ئازارشكێن دەبەن، كەچی دەكرێ لە رێگەی هەندێك جۆر خۆراكەوە چارەسەری بكرێت.
لە هۆكارەكانی تووشبوون بە سەرئێشە، سترێس و گوشاری كار، كەمخەوی یان خەوزڕان، شەكەتبوونی چاو بەدیار كۆمپیۆتەر و مۆبایلەوە، هەستیاریی لووت و ئینفلەوەنزا، هەندێك جۆری خۆراك یان بەركەوتنی ژاوەژاوی بەردەوام، نەخواردنی كتوپڕی چا یان قاوە، كە مادەی كافایینیان تیادایە، وشكهەڵگەڕانی لەش، برسیەتی و هیتریش.
هەندێك جۆر خۆراك هەن دەبنە هۆی سووكردن و كەمكردنەوەی كاریگەریی سەرئێشە لەوانە:
*مۆز، سەرئێشەی هۆكارەكەی برسیەتییە كەم دەكاتەوە، چونكە بە ریشاڵ دەوڵەمەندە، كە پرۆسەی هەرسكردن خاو دەكاتەوە و ماوەی تێریی درێژ دەكات.
*چای بە نەعناع، شلەمەنی بە گشتی دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئازاری سەرئێشە، بە تایبەتی دوای ئەركی ماسولكەیی، جیا لەوەی گیراوەی مەنسۆڵی تیادایە، كە ئازار كپ دەكا و دەی شكێنێت.
*شووتی، 90%ی پێكهاتەكەی ئاوە، بۆیە خواردنی هاوسەنگیی شلەی لەش دروست دەكا و وشكهەڵگەڕان لەناو دەبات.
*گەڵای سەوزەكان، وەك سپێناغ و توور و زلق، كە سەرچاوەی مەگنسیۆم و ڤیتامین بین، ئەو دوو پێكهاتە مرۆڤ لە نیوەسەرئێشە دەپارێزن و نیشانەكانی كەم دەكەنەوە، جیا لەوە دژە ئۆكسێنەری وەك ڤیتامین سی بێتا كارۆ تینیان تیادایە، كە نۆرەی شەقیقە كەم دەكەنەوە.
*فاسۆڵیای رەش، بە ریشاڵ و پرۆتین دەوڵەمەندە، كە هەستی تێری دروست دەكەن، جیا لە بوونی مەگنسۆم، پاقلەمەنی بە گشتی سوودی بۆ كەمكردنەوەی سەرئێشە هەیە، وەك فاسۆڵیا و پاقلە و نیسك و نۆك و هیتریش.