ئەمڕۆ یەكشەم لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر، پێشانگەی "هەواری هەوری" هونەرمەندی شێوەكار ئازا حەسیب دەكرێتەوە، لەم پێشانگایەدا 22 تابلۆ بەستایلی كۆلاجكردنی قوماشی هەوری و جامانە و مشكی و پەت و سنجاق و وێنەكێشان، بە چەند جۆر كەرەستەی ڕەنگكردن لە ئەكلیریك و پاستیل و قەڵەم ڕەنگ و ماجیك، كاریان تێدا كراوە و نمایش دەكرێن.
ئازاد حەسیب قەرەداغی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" گوتی، ئەگەرچی هەموو تابلۆكان ژمارەیەك فیگۆری هاوبەش كۆیان دەكاتەوە، لەوانە ژن و سروشت و ئاو و باڵندە و خاڵخاڵۆكە و گوڵەگەنم و گوڵەبەڕۆژە و گا و مار و فەزای كراوە و داخراو و چەندانی تر، بەڵام هەر تابلۆیەك حیكایەتێكی جیاوازمان بۆ دەخوێنێتەوە لە ڕێی پێوەندییە ناباوەكانی نێوان ئەو فیگۆرانەوە، كە دەرەنجام ئەو حیكایەتانە ماونەتەوە بینەر خۆی هەستیان پێ بكات، یان بگەنە گوێ و بیانبیستێ، یان كۆدەكانی ناو تابلۆكان بكاتەوە و خۆی حیكایەتێكیان لەبارەوە بچنێ.
ئاماژەی بەوەش دا، نهێنییەك كە بەردەوام وەك تەلیسم دەمێنێتەوە، ئەوەیە كە پێویست دەكات بینەر خۆی ڕووبەڕوو بەرانبەر تابلۆكان بوەستێ و بكەوێتە دواندنی ڕووبەری ڕەنگەكان و جووڵەی فڵچە و كارتێكەری مووچڕكەی دەستلێدانی قوماشەكان كە كۆلاج كراون، بەڵكو لەو ڕێیەوە پێوەندییەك لە نێوان خۆی و تابلۆكاندا دروست ببێ و حیكایەتی ناو تابلۆكان بگوازرێنەوە بۆ هزر و هەستی.
ئەم پێشانگەیە كە نۆیەمین پێشانگەی تایبەتی هونەرمەند (ئازا حەسیب قەرەداخی)یە، بەرهەمی نزیكەی ساڵێك كاركردنی بەردەوامی هونەرمەندە لە نێوان ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دا.