زۆر جۆر وەرزش هەن كە سوودی گەورە بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن، كەسانێك هەن كە بۆ خۆشی یان بۆ چوستی و جوانی لەش وەرزش دەكەن، زۆرێكیش بۆ تەندروستی باش یان بۆ دوورخستنەوەی نەخۆشی لە خۆیان، رۆیشتن بۆ دواوە، كە رەنگە خەڵكێك بە جۆرێك لە خۆدەرخستن و وەرزشی جیاواز ئەنجامی بدەن، سوودی زۆرە، وەك شارەزایان باسی دەكەن.
گرایسۆن ویكهام، شارەزای چارەسەری سروشتی رێنوێنی دەدات بەوەی خەڵك كاتێك بۆ ئەنجامدانی رۆیشتن بەرەو دواوە تەرخان بكەن، وەك "سی ئێن ئێن"، گواستییەوە، چەند توێژینەوەیەك لەوبارەوە كراوە و ئەو شارەزایە لە قسەكانی پشتی پێ بەستوون.
ئەو دە ڵێت، لە توێژینەوەیەك كە لە 2021 ئەنجام دراوە، دەركەوتووە ئەو كەسانەی لە ماوەی چوار هەفتە رۆژانە نیو سعات بۆ دواوە رۆیشتوون، ئاستی هاوسەنگیی لەشیان و خێرایی رۆیشتن و توانای دڵ و سییەكانیان باشتر بووە، كە هەر ئەو سوودانە بە توێژینەوەیەكی پێشتر لە 2005 باسی كراوە، ئاماژە بۆ سوودەكانی بۆ ژنان دەكات، لە پاڵ سوودی تر بە كەمكردنەوەی رێژەی چەوری لەش، ئەوەش بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە رۆیشتنە بۆ ماوەی شەش مانگ.
توێژینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەش كە ئەو جۆرە رۆیشتنە توانای جووڵانەوەی تووشبووان بە هەوكردنی جومگە باشتر دەكات، بە تایبەتی جومگەكانی ئەژنۆ و بۆ كەمكردنەوەی ئازاری درێژخایەنی پشتیش باشە، هەروەها بۆ تەندروستی مێشك، كە توانای هۆشیاری زیاد دەكات.
لای خۆیەوە لاندری ئیستس، پسپۆڕ لە چارەسەری سروشتی لەبارەی هۆكاری ئەو سوودانەی ئەو جۆرە رۆیشتنە دەڵێت، دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ماسولكەی چوارینەیی، داواش دەكات لە حاڵەتی راهاتن لەسەر ئەو جۆرە رۆیشتنە، ماوەی ئەنجامدانی زیاتر بكرێت.