دڵنیا ڕەزازی كۆنسێرتێك ساز دەكات

:: AM:10:50:14/11/2023 ‌
بۆ یەكەمجار بڕیارە ئەمشەو لە شاری هەولێر، هونەرمەند دڵنیا ڕەزازی كۆنسێرتێك ساز بكات، لەم كۆنسێرتەدا چەند گۆرانییەكی هونەرمەندان ناسری ڕەزازی و مەرزییە فەریقی دەڵێتەوە.

دڵنیا كچی هونەرمەندان (ناسر ڕەزای و مەرزییە فەریقی)یە، ساڵی ٢٠٠٦ ئەلبوومە تەواو نەكراوەكەی دایكی بە دەنگی خۆی بڵاو كردەوە، خاوەنی چەندان گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپیشە، هاوكات ئەو گۆرانیبێژە لەگەڵ ھونەرمەند ناسر ڕەزازی چەند ئاھەنگ و كۆنسێرتێكی جەماوەرییان لە ئەوروپا ساز كردووە، بڕیارە لە ساڵی داهاتووشدا ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاو بكاتەوە. 

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" گوتی، ماوەی چەندان مانگە خەریكی ئامادەكارین بۆ كۆنسێرتەكەی ئەمشەو، ماندووبوونێكی زۆرمان چێشتووە، لەم بەرنامەشدا بڕیارە چەند گۆرانییەكی هونەرمەندانی گەورە ناسری رەزازی و مەرزییە فەریقی بڵێمەوە.

 ئەوەشی گوت كە دەمێكە كار و چالاكیی نییە، ئەم كۆنسێرتە دەبێتە نوێترین چالاكیی هونەری خۆی. هاوكات گوتی، حەز دەكەم زۆرترین كات لە كوردستان بم تا زۆرترین كاری هونەری بكەم، تاكە شوێنیش كە لە دنیادا رۆحم لێی ئارام بێت كوردستانە، ئەمە ئەو بیروباوەڕەیە كە دایكم و باوكم فێریان كردووم.



وشە - سۆران عەزیز