توێژینەوەیەک: تەنانەت خەوتن لە دانیشتن باشترە

:: PM:09:59:14/11/2023 ‌
لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتووە، خراپترین شت بۆ تەندروستیی مرۆڤ دانیشتنە، تەنانەت خەوتن و وەستان بە پێوە لە دانیشتن باشترن بۆ تەندروستیی دڵی مرۆڤ.

ئەم توێژینەوەیە جەخت لە گرنگیی جوڵەی جەستە دەکاتەوە، بەپێی دەرئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەگەر بمانەوێت تەندروستییەکی باشمان هەبێت، ئەوا دەبێت بجوڵێین. بەڵام "جۆ بلۆدگێت" توێژەر لە پەیمانگەی وەرزش و تەندروستی لە کۆلێژی لەندەن دەڵێ، جۆر و چڕیی جولەکان ڕۆڵ دەبینێت، تا بە شێوازێکی چڕتر لە جولەدا بین ئەوا تەندروستییەکی باشترمان دەبێت.

بلۆدگێت لێکۆڵەری سەرەکیی توێژینەوەکەیە و دەڵێ، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی خولەکێک یان دوو خولەکیش بێت، ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە جولەی مامناوەند و قورس دەگرێتەوە وەک یەکە لەگەڵ ڕاکردن، پاسکیلسواری، یاخود بەسەر پلیکانە کەوتن و هەر چالاکییەکی تر کە دەبێتە هۆی هەناسەبڕکێ و لێدانی دڵ زیاد دەکات و باشترە لە دانیشتن.

جێی باسە نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری سەرەکیی مردنن لە سەرتاسەری جیهاندا، لە ساڵی 2021 دا لە سێ حاڵەتی گیان لەدەست دان یەکێکیان بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە بووە، هەروەها بە بەراورد بە ساڵی 1997 ڕێژەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشیەکانی دڵیان هەیە دوو هێندە بوونە. 

ئەوەی ئەم توێژینەوەیە داوامان لێ دەکات، بریتییە لەوەی تەنیا کەمێک ڕۆتینی ڕۆژانەمان بگۆڕین و بۆ ماوەی دوو بۆ پێنج خولەکیش بێت جوولەیەکی وەرزشی ئەنجام بدەین، دەشێت لە شوێنی کارەکەشمان بێت، توێژینەوەکە دەریخستووە ئەو کەسانەی کە دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی ئەو کەمە جولانە، تەندروستیی دڵیان باشتر بووە و ئەگەری جەڵتەى دڵیشیان کەمترە.


وشە - ئارا هێمن