نەوید زەردی گۆرانی بۆ سلێمانی دەڵێت

:: AM:10:49:15/11/2023 ‌
هونەرمەندی لاوی كورد نەوید زەردی، گۆرانییەكی بۆ ساڵوەگەڕی دروستبوونی شاری سلێمانی بەناوی  "سلێمانی گیان" بڵاو كردەوە. ئەم بەرهەمەی هونەرمەند نەوید زەردی پێشتر تۆماری كردبوو، ئێستە بەبۆنەی 239 ساڵەی دروستبوونی شاری سلێمانییەوە، جارێكی تر تۆماری كردەوە و وەك دیارییەك بۆ ئەو شارە پێشكەشی كرد، لە هەژمارەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردووەتەوە.

نەوید نووسیویەتی، "سلێمانی گیان، سلێمانی ژیان، من ئەوەندەم خۆش دەوێی، ھەردەم یادت دەكەمەوە، تۆ زیندووترین شاری كوردی لە كوردستانی گەورەدا. شارێكی پرسیار زۆر دەكەیت، گومان لە هەموو شت دەكەیت و وەڵامەكانیشمان هەر لە تۆ وەردەگرین".

239مین ساڵوەگەڕی بنیاتنانی پایتەختی رۆشنبیریی كوردستان، لە شاری سلێمانی چەندان رێوڕەسمی جیاواز ئەنجام دەدرێن و یادەكە ماوەی‌ یەك هەفتە بەردەوام دەبێت.

شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە دروست كراوە. ئیبراھیم پاشا شارەكەی بە ناوی باوكییەوە، سلێمان پاشا ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان كاتدا دەبێتە مەڵبەندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیریی ناوچەكە، زاراوەی سۆرانی لە ناوچەكەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین، بە جۆرێك كە زاراوەی سۆرانی پێشتر لە ناوچەكەدا بەرەو كەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەكەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر كۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحموود بووە. سلێمانی جگە لەوەی لانكەی ڕۆشنبیر و تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی كوردستاندا. بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانیی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ٦٠ ھەزار كەس و نزیكەی حەوت ھەزار خانووی تێدایە. لە شەش گەڕەكی سەرەكی پێكھاتووە ئەوانیش كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن، گەڕەكی جوولەكەكانی جارانیش كە ئێستە خراوەتە سەر گەڕەكی سەرشەقام.



وشە - سۆران عەزیز