ئەو جووانەی لە كوردستانەوە كۆچیان بۆ ئیسرائیل كرد ژمارەیان 150 هەزار كەس بوو

:: AM:10:27:16/11/2023 ‌

 

لە سەرەتای  دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، دامەزرێنەرانی ئەو دەوڵەتە دەچنە لای زانای بەناوبانگ "ئەنشتاین" و داوای لێ دەكەن ببێتە سەرۆكی ئیسرائیل، بەڵام ئەو ئەم داوایە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت،  من بە كەڵكی ئەو كارە نایەم، بەڵام ئامادەی هەموو هاوكارییەكم.

 دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە هاوكاریی زانایانی گەورەی دنیا، بەهاوكاریی سەرمایەدارانی گەورەی دنیا كە زۆریان جوو بوون، ساڵی 1948 دامەزرا، ئەم دەوڵەتە لە پێشدا جووەكانی دنیای لەسەر ئەم زەوییەی ئێستەی ئیسرائیل كۆ كردەوە. بەپێی سەرچاوەكان، پێش ساڵی 1948 لە كوردستاندا نزیكەی 150 هەزار جوو هەبوون و كۆچیان كردووەتە ئیسرائیل.

 لە نێوان ساڵانی 1920 تا 1926 ژمارەیەك لەو جووە كوردانەی كە سەتان ساڵ كوردستان بوون،  بەرەو فەلەستین كۆچیان كرد و لە گەڕەكی "ئەلۆری" لە نزیك حەیفا نیشتەجێ كران.

 كاتێكیش دەوڵەتی ئیسرائیل دروست كرا، كوردە جووەكانی كوردستان لە ساڵی 1948 وە بەتایبەت لە ساڵانی نێوان 1950 و 1951دا، بە تەواوی كۆچیان كرد و لە دەوروبەری قودس ‌و چەندان ناوچەی لادێنشین لە سەرانسەری وڵاتەكەدا نیشتەجێ بوون ‌و لە ناوچە شاخاوییەكانی دەوروبەری قودس‌ و شوێنەكانی تر، گوندیان دروست كرد.

 كوردەكانی ئیسرائیل، ئەو كوردە جووانەن كە لە هەموو بەشەكانی كوردستانەوە بەتایبەتی لە شارەكانی سلێمانی ‌و هەولێر و كەركووك و زاخۆ و هەڵەبجە و پێنجوێن ‌و كفری ‌و كەلار و شەقڵاوە و ئامێدی‌ و سەقز و بۆكان ‌و كامیاران‌ و كرماشانەوە بەرەو ئیسرائیل كۆچیان كردووە.

 كتێبی "كوردەكانی دەرەوەی چوار پارچەی كوردستان" كە سیروان مووساپوور ئامادەی كردووە، لە ڕێی چەندان سەرچاوەی جیاوازەوە، باسی لە كۆچكردنی كوردە جووەكانی كوردستان بۆ ئیسرائیل كردووە و شوێنی نیشتەجێبوون و باروگوزەرانی ئەوانیشی لە ئیسرائیل خستووەتە ڕوو.

 وەك مووساپوور لە كتێبەكەیدا باسی كردووە، ڕۆژنامەنووس "دینۆ دانیاڵ" لە گفتوگۆی لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكادا گوتوویەتی: "كوردەكانی ئیسرائیل بەزۆری دوو جۆرن، ئەوانەی لە كوردستانی ئێرانەوە هاتوون كە كوردەكانی ڕۆژهەڵاتن‌، ئەوانەی لە كوردستانی عێراقەوە هاتوون كە كوردەكانی باشوورن.

 هاوكات "هەداسا یشورون" كە كچە گۆرانبێژێكی ئیسرائیلیی بە ڕەچەڵەك كوردی جووەكانی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت: "ئێمە لە ئیسرائیل 30 هەزار كەسین كە لە شارە جیاجیاكانی كوردستانەوە هاتووین وەك سەقز و مەهاباد و بۆكان ‌و ورمێ".

 جووەكانی كوردستان، لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردیدا زۆرباش گونجا بوون ‌و بەر لە كۆچكردنیشیان بۆ فەلەستین، لە زۆر لە شارەكانی كوردستاندا گەڕەكی تایبەت بەخۆیان هەبووە، وەك گەڕەكی جوولەكان لە سلێمانی ‌و گەڕەكی تەعجیل لە هەولێر و گەڕەكی جوولەكان لە هەڵەبجە و لە زاخۆ و لە ئامێدی ‌و لە سنەو لە شاری شنۆ و بۆكان.

 بەپێی سەرچاوە بەریتانییەكان، ژمارەی جووەكان لە ساڵی 1920 لە هەولێر، چوار هەزار و 800 كەس بووە، لە سلێمانی هەزار كەس و لە كەركووك هەزار و 400 كەس و لە مووسڵ حەوت هەزار و 639 كەس بووە.

 هەر بەپێی سەرچاوە بەریتانییەكان، لە ساڵی 1947 ژمارەی جووەكان لە هەولێر سێ هەزار و 109 كەس بووە، لە سلێمانی دوو هەزار و 271 ‌و لە كەكووك دوو هەزار و 48 كەس بووە.

 وەك لە كتێبی "كوردەكانی دەرەوەی چوار پارچەی كوردستان"دا هاتووە، گوندەكانی "مۆشاڤ میتاڤ - پەرزۆن - ئەفیتاڵ مۆشاڤ" كە دەكەونە باكوری ئیسرائیلەوە، هەموو دانیشتووانەكانیان بە بنەچە كوردن‌ و لە سەرەتای دروستبوونی ئەو گوندانەوە، ئەو كوردانەی تێدا نیشتەجێ بوون كە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەرەو ئیسرائیل كۆچیان كردووە.

 كوردەكان لە ئیسرائیل بەگشتی لە باكوری ئەو وڵاتە نیشتەجێن، شاری ئورشەلیم ‌و بەندەری ئەشدود لە باشوور، ئەو شوێنە گرنگانەن كە كوردەكانی لێ نیشتەجێن.

 سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەدەن، لە ساڵی 1930دا ژمارەی كوردە جووەكان لە قودسدا گەیشتووەتە چوار هەزار و 269 كەس‌، لەو كاتەشدا قودس 80 هەزار كەس ژمارەی دانیشتووانەكەی بووە.

 شاری " كفاریروحام" ناوەندێكی تری نیشتەجێبوونی جووەكانی كوردستانە، ئەم شارە لە ساڵی 1951دا دامەزراوە و ژمارەی كوردە جووەكان لە ساڵی 1961 - 1965 تێیدا چوار هەزار و 500 كەس بووە، ئەمە جگە لەوەی لە شاری "مفڤام" و شاری "نحس هاریم" ژمارەیەكی زۆری كوردە جووەكانی لێ دەژین.

 نووسەری كتێبی "كوردەكانی دەرەوەی چوار پارچەی كوردستان" ئەوەی خستووەتە ڕوو كە بەپێی سەرچاوەكانی تایبەت بە كوردە جووەكانی ئیسرائیل، 150 هەزار كەس لە كوردە جووەكان لە ئیسرائیلدا دەژین.

 لە گفتوگۆیدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا، ڕۆژنامەنووس "دینۆ دانیاڵ" باسی لەوە كردووە كە ژمارەی كوردەكانی ئیسرائیل نزیك دەبێتەوە لە 250 هەزار كەس.

 سیروان مووساپوور نووسەری كتێبی "كوردەكانی دەرەوەی چوار پارچەی كوردستان" لە زاری چەند كوردێكی جووی نیشتەجێبووی ئیسرائیلەوە باس لە گوزەرانی نالەباری ئەوان دەكات.

 ساسۆن كە كوردێكی جوو بووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل، باس لە سەرەتای گەڕانەوەیان لە كوردستانەوە بۆ ئیسرائیل دەكات‌ و دەڵێت: "دوای ئەوەی گەیشتینە خاكی ئیسرائیل، بەرەو ئۆردوگایان بردین، گوزەرانمان زۆر خراپ بوو، تەنانەت ئاوی خواردنەوەمان دەست نەدەكەوت‌ و هیچ پارەمان پێ نەبوو بۆ ئەوەی پێی بژین، بەڵام جووەكانی وڵاتانی تر گوزەرانیان زۆرباش بوو، زۆر ڕێزیان لێ دەگیرا، دیار بوو ئەمە پیلانێك بوو بۆ ئێمە تا وەك كۆیلە بەكارمان بێنن".

  ساسۆن ئەوەش باس دەكات كە جووە كوردەكان لە پێناوی نانی ڕۆژانەیاندا، چ كارێك گران بوایە دەیانكرد. ئەوەش دەڵێت كە ئەوان كردوویانە و جووە ئەوروپییەكان خواردوویانە.

 وەك لە كتێبی "كوردەكانی دەرەوەی چوار پارچەی كوردستان"دا باس كراوە، كوردە جووەكانی ئیسرائیل لەچاو جووەكانی وڵاتانی ئەوروپا، لە هەموو بارێكی ژیان بێبەشن‌ و كام كاری گران‌ و سەخت و ماندووبوونی زۆر دەوێت، ئەوان دەیكەن، وەك كرێكاری ‌و دروستكردنی شەقام ‌و ئاژەڵداری ‌و كشتوكاڵكردن.

 بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەی جۆراوجۆر، نووسەری كتێبەكە ئەوەشی باس كردووە كە لە كاتی هەڵبژاردندا تۆزێك ڕێز لە كوردە جووەكان دەگرن‌، بەرپرسان لێیان نزیك دەبنەوە بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن‌ و دەهۆڵ‌ و زوڕنایان بۆ لێ دەدەن‌ و دوای هەڵبژاردنیش پشتگوێیان دەخەن.

 



وشە - سۆران عەزیز