كایا ئەو گۆرانیبێژەی بە زمانی توركی باسى ئازاری كورد دەكات

:: AM:11:42:16/11/2023 ‌
ئەحمەد كایا لە ٢٨ی تشرینی یەكەمی ١٩٥٧ لە ماڵاتیای باكوری كوردستان لە دایك بووە، پێنجەمین منداڵی خێزانێك بووە، دایكی توركی ئەرزڕوم بووە و باوكیشی كورد بووە و لە كارگەی (Sümerbank) كاری ڕستن و چنین كاری كردووە. 

كاتێك تەمەنی شەش ساڵ دەبێت، باوكی ئامێرێكی سازی بۆ دەهێنێت و پێی دەدات.
قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە ماڵاتیا تەواو كردووە، دوای دەوامی قوتابخانە و لە پشووەكانی هاویندا، یان لە دوكانی فرۆشتنی كاسێت و ئەلبوومی گۆرانی كاری كردووە، كە تەمەنی نۆ ساڵ دەبێت لەو كارگەیەی باوكی كاری تێدا دەكرد، چووە سەر ستەیج و گۆرانیی گوت.

خێزانی كایا دوای خانەنشینبوونی بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باشتر، ڕوو لە ئیستانبوڵ دەكەن و لە گەڕەكی كۆجا مستەفا پاشا نیشتەجێ دەبن، كایا بۆ هاوكاریی خێزانەكەی كە تووشی بێ پارەیی و كەمدەرامەتیی بوون، ناچار بووە واز لە قوتابخانە بهێنێت و وەك شاگرد و فرۆشیاری سەرشەقام دەست بە كاركردن دەكات.

دوای ئەوەی نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە، بە دەرەكی ئامادەیی تەواو كرد و دواتریش چووە بەشی ئامێری كەمانچە لە پەیمانگەی پەروەردە، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەهۆی بەكارهێنانی تابلۆی قەدەغەكراوەوە، خرایە گرتووخانە و دواتر ئازاد كرا، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا لە "گرووپی یەكەكانی گەل"، دەستیان بە كاركردن كرد و لەم ماوەیەشدا و لە چەند چالاكییەكدا سازی دەژەنی.

ساڵی ١٩٧٨ لە شارۆكەی گەلیبۆڵو ئەركی سەربازیی بەجێهێنا، لە كاتی سەربازیشدا بەردەوام بوو لە ژەنینی ساز، دوای گەڕانەوەی لە سەربازی، لەگەڵ ئەمینە كایا، ژیانی هاوسەریی پێكهێنا و ساڵی ١٩٨٢ كچەكەیان لە دایك بوو و ناویان لێ نا چیغدەم، بەڵام دواتر و بەهۆی كێشەی ئابوورییەوە لە هاوسەرەكەی جیابووەوە.

سەرەتا هیچ هونەرمەندێك ئامادە نەبووە كاری لەگەڵدا بكات و هاوكاریی بكات، رووی لە چەند كەسێك كردووە و دەستیان بە روویەوە ناوە، بەڵام دواتر بە هاوكاریی هاوڕێكانی، یەكەم ئەلبوومی خۆی تۆمار دەكات كە دواتر كۆ دەكرێتەوە و قەدەغە دەكرێت، بەڵام دوای ماوەیەك ئەلبوومەكە ئازاد دەكرێت و جارێكی تر دەفرۆشرێتەوە.

یەكەم ئەلبوومی كایا ناوی "مەگری ئازیزم" بوو، دووەم ئەلبوومیشی ناوی "ددان بەخۆداگرتن " بوو، دوای بڵاوكردنەوەی دووەم ئەلبووم لە ساڵی ١٩٨٥، لەگەڵ گویلتەن هەیاڵئۆغڵوی خوشكی شاعیری بەناوبانگی كورد یوسف خەیاڵئۆغڵودا هاوسەرگیریی كرد.

ساڵی ١٩٨٦ ئەلبوومێكی تری بە ناوی "كاتەكە دێت" بڵاو كردەوە كە هۆنراوەی سەرجەم گۆرانییەكان خۆی نووسیبوونی، ساڵی ١٩٨٧ ئەلبوومی "دیموكرات"ی بڵاو كردەوە كە هۆنراوەی سەرجەم گۆرانییەكان خەیاڵئۆغڵو نووسیبوونی، ساڵێك دواتر و لە ١٩٨٨ ئەلبوومی "یاخی دەبم"ی بڵاو كردەوە كە دوو گۆارنییان هۆنراوەكانی هی خەیاڵئۆغڵو بوون، پاشان ئەلبوومی "گوڵێكی گەشبین"ی بڵاو كردەوە و ساڵی ١٩٩٠یش ئەلبوومی "دیواری خۆشەویست"ی بڵاو كردەوە.

كوبا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە سەرنجی كایای راكێشابوو، بۆیە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ گویلتەنی هاوسەری، مەلیسی كچیان و گرووپێكدا بۆ بەشداریكردن لە بۆنەی یەكی نیسان روویان لە كوبا كرد، زۆربەی گۆرانییەكانی زیاتر باس لە بابەتە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دەكەن. كایا ئەو گۆرانیبێژە بوو بە زمانی توركی باسی لە ئازاری كورد دەكرد، لە ٢٠ ئەلبووم تەنیا یەك گۆرانیی كوردی هەیە بە ناوی كەرڤان.

ئەلبوومی "گۆرانییەكانم بۆ شاخەكان" بە فرۆشتنی، دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دانە ریكۆردی شكاند، بەهۆی ئەوەی لە یەكێك لە گۆرانییەكاندا بە ناوی "بانگی ئازادی"، ئەم دێڕە هۆنراوەیە هاتبوو "كۆرپەكەم كاكەت رۆژێك لە شاخ دەگەڕێتەوە و ئامێزی پێدا دەكەیت"، ئەلبوومەكە لە بازاڕدا كۆ كرایەوە و قەدەغە كرا، بڕیار درا كۆنسێرتكردنیشی لێ قەدەغە بكرێت.

لە ماوەی ژیانیدا چەند جارێك رووبەڕووی لێپرسینەوە و گرتن بووە، چەندان دۆسیەی لەسەر كرایەوە، وەك خۆی دەڵێت، دەزگای ئاسایش بوو بوو بە دووەم ناونیشان و ماڵی ئەو، بەڵام هەرگیز لە بۆچوون و هەڵوێستەكانی پەشیمان نەبووەتەوە و هیچ ئازار و فشارێك راینەگرت.
لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ لە هۆڵی كۆنگرەی هۆتێلی پرێنسس، لەلایەن كۆمەڵەی رۆژنامەوانانی مەگەزین، رێوڕەسمێكی بۆ رێكخرا و خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵی بەدەست هێنا.

لە گوتاری خەڵات وەرگرتنەكەدا ئەحمەد كایا گوتی، بۆ ئەم خەڵاتە سوپاسی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ، دایكانی شەممە، هەموو كارمەندانی راگەیاندن و سەرجەم گەلی توركیا دەكەم. روونكردنەوە و پەیامێكیشم هەیە؛ لە ئەلبوومێكدا كە رۆژانی داهاتوو بڵاوی دەكەمەوە و ئێستە سەرقاڵی ئامادەكردنیم، گۆرانییەكی كوردیش دەڵێم و كلیپیشی بۆ دەكەم. دەزانم تەلەڤزیۆنی بە بوێر هەن گۆرانییەكە بڵاو بكەنەوە، ئەگەر بڵاوی نەكەنەوە نازانم خەڵك هەڵوێستیان چۆن دەبێت، دوای ئەم قسانە، بەشێك لە ئامادەبووانی هۆڵەكە كاردانەوەیان پێشان دا، جوێنیان دەدا و ئەو كەلوپەلانەی لە بەردەستیان بوو گرتیانە ئەحمەد كایا. رێكخەرانی رێوڕەسمەكە توانییان ئەحمەد كایا لە دەستی ئامادەبووان رزگار بكەن.

ساڵی ١٩٩٣ لە شاری بەرلین كۆنسێرتێكی پێشكەش كرد كە لەلایەن كۆمەڵەی بازرگانانی كوردەوە رێكخرابوو، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەكانی كۆنسێرتەكە، لەلایەن رۆژنامەی حورییەتەوە، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتیی ئیستانبوڵەوە، دۆسیەیەكی لەسەر كرایەوە، دادگاكە كایای تۆمەتبار كرد بەوەی كە "هانی دوژمنایەتی و رقی داوە، دەستی لەگەڵ پەكەكە تێكەڵ كردووە و هاوكاری كردوون." لەسەر ئەم تۆمەتانە دوو دۆسیەی لەسەر كرایەوە و داوا كرا ١٠ ساڵ و نیو سزا بدرێت.

حوزەیرانی ١٩٩٩ توركیای بەجێهێشت و ڕووی لە ئاوارەیی كرد، دواتر دادگا بڕیاری سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانیكردنی بۆ دەركرد، بەڵام لەبەرئەوەی لە دەرەوەی وڵات بوو، سزاكەی بەسەردا جێبەجێ نەكرا، والیی شاری ئۆردو، فرۆشتنی ئەلبوومەكانی ئەحمەد كایای لە ناوچەكەیدا قەدەغە كرد، دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩٩ لە مونیخ كۆنسێرتێكی كرد كە لەلایەن لایەنگرانی پەكەكەوە رێكخرابوو، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتیی جارێكی تر دۆسیەی لەسەر كرایەوە.

ئەو كاتەی سەرقاڵی تۆماركردن و ئامادەكردنی ئەلبوومی "ماڵئاوا چاوەكەم" بوو، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠ لە ماڵەكەی خۆی لە شاری پاریس، بە نۆرەی دڵ، كۆچی دوایی كرد. پاشان  بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر كوردی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا، لە گۆڕستانی (Père Lachaise) لە شاری پاریس ئەحمەد كایا بەخاك سپێرا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە ٢٦ی ئەیلوولی ١٩٩٩دا، كاتێك لەسەر خوێندنەوەی شیعرێكی سیاسی ١٠ مانگ زیندانی دەكرێت، ئەو ڕۆژە بۆ گرتووخانەی دەبەن، كایا بەیادی ئەو گۆرانیی «ئاوازی شەبەق» دەڵێت،  «ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە گرتووخانەن و دەچنە گرتووخانە»، بۆیە ئەردۆغانیش دوای ھاتنە سەر حوكم ئەوەی لە یاد بووە، ئەمەش ڕێخۆشكەر بوو بۆ ئەوەی دواتر بە فەرمی دوای مەرگی كایا، ڕێزی لێ بگیرێت و هەموو ئەو تۆمەتانەی پێشتری لەسەر لاببات و بە یەكێك لە هونەرمەندانی گەورەی توركیای دابنێ.



وشە - سۆران عەزیز