رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رای گەیاند، هەستكردن بە تەنیایی دەكرێ وەك هەڕەشەیەك بۆ تەندروستیی مرۆڤ سەیر بكرێت، بە شێوەیەك زیانە تەندروستییەكانی یەكسانە بە كێشانی 15 جگەرە لە رۆژێكدا.
"تشیدۆ مبیمبا" نێردەی یەكێتیی ئەفەریقا بۆ كاروباری گەنجان بە پێگەی "گاردیان"ی بەریتانیی راگەیاند، تەنیایی پەلدەكێشێت بۆ دروستبوونی كێشەی تەندروستی و دەكرێ وەك سەرچاوەیەكیش لەسەر تەندروستی كۆمەڵگە سەیری بكرێت.
ئەم قسانەی ئەم بەرپرسە ئەفریقییە دوای ئەوە دێت كە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی توێژینەوەیەكی لە زانكۆی "گلاسكۆ" لە سكۆتلەندا ئەنجام دا، لە دەرەنجامدا بۆیان دەركەوت ئەوانەی دوور لە هاوڕێ و هاوسەر و دایك و باوك و ماڵباتەكانیان دەژین، ئەگەری مردنی پێشوەختیان بە 39% زیاترە.
لەلایەكی ترەوە پێوەست بەم بابەتە توێژینەوەیەك ئەنجامدرا كە 458 هەزار كەس تیایدا بەشدار بوون و تەمەنیان لە سەرەتاكانی ژیانیان بوو، لە ماوەی 12 ساڵی چاودێری كردنیاندا 33 هەزار كەس لەو 458 هەزاركەسە، پێشوەختە و زوو مردن.
لای خۆیەوە گۆڤاری BMC Medicine هەفتەی رابردوو بڵاوی كردەوە كە یەكتربینینی تاكەكان لەگەڵ خانەوادە و كەسانی نزیكیان پێویستە لانی كەم مانگانە جارێك ئەنجام بدرێت لە پێناو تەندروستییەكی باش و دووربوون لەو مەترسییە تەندروستییانەی كە بەهۆی تەنیاییەوە دووچاری مرۆڤ دەبێتەوە.