كۆریای باشوور خواردنی گۆشتی سه‌گ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

:: PM:12:10:18/11/2023 ‌
كۆریای باشوور به‌ یاسا خواردنی گۆشتی سه‌گ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، یاساكه‌ له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا ده‌چێته‌ په‌رله‌مان و تا ساڵی 2027 به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ ده‌كرێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خواردنی گۆشتی سه‌گ ئه‌و مه‌یله‌ی جارانی نه‌ماوه‌ بۆ خه‌ڵكی كۆریای باشوور، به‌تایبه‌تی له‌ ناو گه‌نجه‌كاندا ئه‌و وڵاته‌ خواست له‌سه‌ری دابه‌زیوه‌، حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ش به‌ یاسا قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات. ماوه‌ی سێ ساڵ بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ دانراوه‌، ئه‌مه‌یش به‌و پێیه‌ی كه‌ خواردنی گۆشتی سه‌گ خولیایه‌كی كۆنی كۆرییه‌كانه‌ و بازرگانییه‌كی گه‌وره‌یه‌.

له‌ ساڵانی ڕابردوودا خواردنی گۆشتی سه‌گ بووبووه‌ هۆی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر بۆ وڵاته‌كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراو و چالاكانی بواری مافی ئاژه‌ڵان، به‌مدواییانه‌ له‌ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ش چینی گه‌نجی كۆمه‌ڵگه‌، ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له‌باره‌ی خواردنی گۆشتی سه‌گ ده‌ربڕیوه‌ و هه‌ندێكیان بایكۆتی خواردنی گۆشته‌كه‌یان كردووه‌.

یو ئیوی دۆنگ به‌رپرسی سیاسیی پارتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل ڕای گه‌یاند، نیگه‌رانن له‌باره‌ی ئه‌و مشتومڕ و ناكۆكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر خواردنی گۆشتی سه‌گ دروست بووه‌، خه‌ریكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كۆریای باشوور به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش ده‌كات، بۆ كۆتاهێنان به‌مه‌، به‌ یاسا گۆشتی سه‌گ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسه‌كه‌ دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌ڕوات، هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رهه‌ڵستكار ده‌نگ به‌ ده‌رچوونی یاساكه‌ ده‌ده‌ن.

له‌ ماوه‌ی پێشتردا چه‌ند یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی خواردنی گۆشتی سه‌گ چووه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌، به‌ڵام به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر باڵاده‌ستیی ئه‌و لایه‌نانه‌ی سوود له‌ بازاڕی سه‌گ ده‌بینن، وه‌ك ڕێستۆرانت و كێڵگه‌كانیان.

یاساكه‌ ڕه‌وشی ئه‌وانه‌ به‌رچاو ده‌گرێت كه‌ قووتیان له‌سه‌ر پیشه‌سازیی سه‌گه‌ و ماوه‌ی سێ ساڵ هاوكاری داراییان ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌سازی بۆ پیشه‌یه‌كی تر.

كۆمه‌ڵه‌ی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پێشوازیی له‌ ده‌رچوونی یاساكه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، له‌ كۆتادا خه‌ونه‌كه‌مان هاته‌ دی و ئه‌م كاره‌ دڕندانه‌یه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی خواردنی گۆشتی سه‌گه‌، به‌ كۆتا دێت.


وشە - ئارا هێمن