سیاسەتوانان باس لەوە دەكەن كە بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەكانی ترەوەیە، بۆیە ئەو دادگەیە بە دڵی خۆی چی پێ خۆشە بڕیاری لەسەر دەدات، دووپاتی دەكەنەوە كە نەدەبوو دەسەڵاتی سێ سەرۆكایەتییەكە لە خوار دەسەڵاتی ئەو دادگەیەوە بوایە، چونكە كاریگەریی خراپی دەبێت و سبەی شتێك نامێنێت بە ناوی حكوومەت و پەرلەمان.
رەسووڵ رەئووف، ئەندامی سەركردایەتی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر كاتێك و لە هەر وڵاتێك كە دەزگەیەك لە سەرووی دەزگەی شەرعیی هەڵبژاردنەوە بوو، مانای وایە ئەو وڵاتە دیموكراتی تیادا نامێنێت، چونكە پرۆسەی دیموكراتی شەرعیەتدانە بە دەنگی خەڵك، دەنگی خەڵكیش پەرلەمان و سێ سەرۆكایەتییەكان هەڵدەبژێرێت، بۆیە نابێت هیچ دەزگەیەك لەوانە بەرزتر بێت، بۆ نموونە دادگەی فیدراڵیی عێراق كێ دایناوە كە سەرۆكی پەرلەمان لابدات، بۆیە بوونی ئەو دادگەیە سنوورداركردنی دیموكراسی و رێزنەگرتنە لە دەنگی خەڵك.
هەروەها گوتی، ئەو كەسەی دادگەی فیدراڵی داناوە لە سەرۆكی پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی پەرلەمان بەهێزتر نییە، بەڵام ئەوەی روودەدات، سەرەتا لەگەڵ كورد و دواتر سوننە، روون بووەوە كە دادگەیەكی شیعە مەزەوە و بۆ رێكخستنی ئەو بەربەستانەیە كە لەپێشیەتی و چۆڵكردنی گۆڕەپانەكەیە بۆ خۆیان، دوو ساڵە دژی كورد بڕیار دەدات، پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە نەدەبوو پەرلەمان بەو ئاسانییە بچێتە ژێر ئەو بارە و ئەگەر درێژە بكێشێت لە عێراق شتێك نامێنێت بە ناوی حكوومەت و پەرلەمان.
لای خۆیەوە سەرباز خۆشناو، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی پەیوەندی یەكبوونی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، راستە دادگەكە لە دەستووری عێراق دەسەڵاتی پێ دراوە و تانەدان لە بڕیارەكانی نییە، بەڵام پێدانی دەسەڵاتێكی لەو جۆرە بە دادگەی فیدراڵی شتێكی باش نییە و دەبوو سێ دەسەڵاتەكەی تری عێراق كە سەركۆمار و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمانە، بیانتوانیبوایە تانە لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بدەن، بۆیە ناكرێ دادگەیەك بە بێ تانەدان دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت یەكێك لە سەرۆكایەتییەكان لابدات، بەڵام ئەوەمان بیر نەچێت كە ئەوە لە ناوخۆیی و ئیقلیمی بە شێوەی بەرنامەرێژی دەكرێت.
روونی كردەوە، ئەو پیلان و بەرنامەی دانراوە ئەوەیە عێراقی فیدراڵی نەمێنێت و ببێتە عێراقێكی یەك پارچە كە خۆیان دەسەڵاتی رەهایان تیادا هەبێت، ئەوەش بە بەرنامەیەك دەكرێت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەندێ سەركردەی ناو عێراق ئەو كارە دەكەن، سەرەتا لە كوردیان دا، دواتریش سوننە و هەموو پێكهاتەكانی تریش، دوور نییە سبەی دادگەكە بڕیارێك دژی كورد و كوردستان بدات كە هیچكات بیری لێ نەكەینەوە.
هەر پێوەست بەو بابەتە نزار ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان نووسیویەتی، ئەگەر دادگەكان دادپەروەر نەبن، ئەوا دەبێتە جێگەی داپڵۆسین و سەركوت، بۆیە ئەگەر داگە بێلایەنی لەدەست دا نەك ناتوانێت ئاسایشی كۆمەڵاتی بپارێزێت، بەڵكو خۆی دەبێتە هۆی شێواندنی و دادپەروەری بوونی نابێت و هاووڵاتییانیش متمانە بە بڕیارەكانی ناكەن، پێوستە دادگە گوێڕایەڵی هیچ لە دەسەڵاتەكان نەبێت، چونكە كاتێك لە دەستی هەركام لەودەسەڵاتانە بوو، خۆی دەسەڵاتی نابێ و دەبێتە جێبەجێكاری ئەو دەسەڵاتەی فەرمانی پێ دەكات.
دووپاتی كردەوە، لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی هەوڵ بۆ پاكتاوكردنی نەیار و مەترسییەكانی سەر دەسەڵاتەكانیان دەدەن، باشترین چەك بۆ ئەو كارە دادگەیە كە پەنای بۆ دەبەن و دەیكەنە دەزگەیەكی داپڵۆسێنەر، كاتێك خۆشیان راپێچی دادگە دەكرێن یان بە دادگە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت بێ دوودڵی دادگە بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدەن، لە عێراقی نوێش لێرە و لەوێ دادگەكان بێلایەن نین و ئامرازی دەستی دەسەڵاتن و بۆ پاكتاوی نەیارەكانیان بەكاردەهێنرێن و هەمووشیان ددان بەویتریان نانێن، لەكاتێكدا هەروەك یەكن.
وشە/ تایبەت