حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی كردووه به دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییان، ته‌نیا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سه‌رووی 500 هه‌زار خێزان نه‌وتیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه كه به نرخی پاڵپشتیكراوه، سه‌ره‌تاش له ناوچه شاخاوییه‌كانی ده‌ستی كرد به دابه‌شكردنی نه‌وت و دوای ته‌واوبوونی ئه‌و ناوچانه، چه‌ند رۆژێكه دابه‌شكردنی نه‌وت له سه‌نته‌ری شاره‌كان و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شار ده‌ستی پێ كردووه، دابه‌شكردنی نه‌وتیش به‌رده‌وام ده‌بێت و بڕیاره ته‌واوی خێزانه‌كان ئه‌مساڵ نه‌وت وه‌ربگرن.
هه‌رچه‌نده ده‌بوو حكوومه‌تی عێراق به‌پێی یاسای بودجه و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه كرابوون، نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌ش بكات، به‌ڵام تا ئێسته نه‌وتی بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه، له به‌رانبه‌ردا حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی كرد به دابه‌شكردنی نه‌وت و تا ئێسته‌یش به‌شێكی زۆر له هاووڵاتییان نه‌وتیان وه‌رگرتووه، سه‌رووی 100 ملیۆن لیتر نه‌وت دابه‌ش كراوه و به نیوه‌ی نرخ ده‌درێته هاووڵاتییان، هاوكات به‌هۆیه‌وه خواست له‌سه‌ر نه‌وتی سپیی بازاڕ كه‌متر بووه‌ته‌وه.
به‌رهه‌م سابیر نه‌وتفرۆش له سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، حكوومه‌ت زۆر به‌خێرایی نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌ش ده‌كات، هه‌ر خێزانێك به‌رمیلێك نه‌وت وه‌رده‌گرێت به نرخی پاڵپشتیكراوی خوار بازاڕ، ئه‌مه وایكردووه خه‌ڵك په‌نا بۆ كڕینی نه‌وت نه‌به‌ن، خه‌ڵك كه به‌رمیلێك نه‌وت وه‌ربگرێت جارێك، ئاماده نییه نه‌وتی بازاڕ بكڕێت تا ئه‌و نه‌وته‌ی ته‌واو ده‌بێت، پێش دابه‌شكردنی نه‌وت خواست له‌سه‌ر نه‌وت هه‌بوو، به‌جۆرێك له مانگی هه‌شت خه‌ڵك نه‌وتی ده‌كڕی وه‌ك ئێسته كه له وه‌رزی بارانبارین و سه‌رمادا، یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له 170 هه‌زار دینار وه‌ستاوه.
ئه‌و گوتی، ساڵی رابردوو له‌م كاته‌دا نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی سپی ماڵان سه‌رووی 250 هه‌زار دینار بوو، ئێسته نرخه‌كه‌ی به‌راورد به ساڵی رابردوو زۆر هه‌رزان و له خواره‌وه‌یه، وه‌ك دیاریشه به خێرایی پرۆسه‌كه ده‌چێت به‌ڕێوه، به‌هۆیه‌وه خواست له‌سه‌ر نه‌وتی بازرگانی بۆ نیوه دابه‌زیوه و خه‌ڵكێك كه پێویستیان به نه‌وت بوو، كه زانییان حكوومه‌ت دابه‌شی ده‌كات، نه‌وتیان نه‌كڕی و نه‌وتی حكوومییان وه‌رگرت، زۆربه‌ی سنووره‌كه نه‌وتی وه‌رگرتووه و پرۆسه‌كه‌ش زۆر خێرایه و هه‌موو رۆژێك نه‌وت دابه‌ش ده‌كرێت.
به‌هۆیه‌وه خواست له‌سه‌ر نه‌وتی بازرگانی بۆ نیوه دابه‌زیوه
له‌لایه‌كی تره‌وه پشتیوان مسته‌فا هاووڵاتی، به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وتی حكوومی دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر هاووڵاتییان، ئه‌مه وایكردووه نرخی نه‌وتی بازرگانی گران نه‌بێت و له نرخی خۆی بوه‌ستێت، دابه‌شكردنه‌كه‌ش له سه‌نته‌ری شاره‌كانیش ده‌ستی پێ كردووه، ئه‌مه وا ده‌كات خواسته‌كه زیاتر دا‌به‌زێت، به‌ڵام كه‌سانێك پێویستیان به زیاتر له به‌رمیلێك نه‌وت ده‌بێت و ئه‌وانه هه‌ر نه‌وت ده‌كڕن.
ئه‌و گوتی، ئه‌و كاره‌ی حكوومه‌ت سووككردنی ئه‌ركی سه‌رشانی هاووڵاتییانه، چونكه له‌و كاته‌دا كه به‌غدا مووچه نانێرێت و فه‌رمانبه‌ر چه‌ند مانگێكه مووچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه، قورسایی له‌سه‌ر شانی هاووڵاتی دروست بووه، به‌ڵام حكوومه‌ت وا ده‌كات خه‌ڵك له نه‌وته‌كه بڕێك پاره‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
كاروان عه‌لی هاووڵاتییه‌كی تر به "وشه"ی راگه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی، كه هه‌میشه خزمه‌تی هاووڵاتییانی كردووه و گرنگیی به داواكاری و پێویستییه‌كانی ئه‌وان داوه، كه زانی حكوومه‌تی عێراق نه‌وت دابه‌ش ناكات، به خێرایی ده‌ستی به پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی كرد، له هه‌موو ناوچه‌كان نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌ش ده‌كرێت و نرخه‌كه‌شی له بازاڕ هه‌رزانتره و له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییانه.
له سه‌نته‌ری شاری سلێمانی دابه‌شكردنی نه‌وت گه‌یشتووه‌ته مه‌ڵبه‌ندی 10 و به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، بڕیاره له مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك ده‌ست به دابه‌شكردن بكرێت كه ساڵی رابردوو نه‌وتیان وه‌رگرتووه و تا مه‌ڵبه‌ندی پێنج نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌ش بكرێت، له هه‌ولێریش دابه‌شكردنی نه‌وت له سه‌نته‌ری شار ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌و كاره‌ی حكوومه‌ت سووككردنی ئه‌ركی سه‌رشانی هاووڵاتییانه، له‌وكاته‌دا حكوومه‌ت كه ده‌زانێت وه‌رزی باران و سه‌رمایه، نه‌وت ده‌داته هاووڵاتییان، هاووڵاتیش ناچار نابێت له بازاڕ به‌گرانتر بیكڕێت، هه‌روه‌ها نرخی بازاڕیش خواستی له‌سه‌ر نامێنێت و هه‌رزانتریش ده‌بێت.
وشه/ تایبه‌ت