ئەو ئەفسانانەی پێیان دەژین

:: PM:12:05:19/11/2023 ‌
"ئەو ئەفسانانەی پێیان دەژین'' یەكێكە لە كتێبە تایبەتەكانی ''جۆزیف كامبڵ''، نوێترین كتێبیشیەتی كە بەزمانی كوردی چاپ و بڵاو كرایەوە. ئەم كتێبە زنجیرە وتارێكی كامبڵە لە هۆڵی كۆمەڵەی كۆبەر لە نیویۆرك لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ و  ١٩٧١ پێشكەشی كردووە، بابەتەكان پێوەندییەكی پتەویان بە یەكترەوە هەیە، زیاتر هەوڵە بۆ تێگەیاندنی خوێنەر بە ئەركی ئەفسانە.

سەڵاح حەسەن پاڵەوان وەرگێڕی كارەكانی كامبڵە، لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەوە بۆ "وشە" گوتی، كتێبەكە لەو پرسیارەوە دەست پێ دەكات كە ئەفسانە دەتوانێت چیمان بۆ بكات؟ چۆن كاریگەریی لەسەر ژیانمان هەبێت و چۆن دەتوانێت لەو پێوەندییە تاهەتاییەدا بمانهێڵێتەوە كە پێوەندیی ژیان و خەیاڵ و هێزەكانی پشتەوەی سروشتە؟ ئەو ئەفسانانە چین كە مرۆڤ بێ ئەوان ناتوانێ لەم گەردوونە جەنجاڵەدا بەردەوام بێت؟.

 چەندان بابەتی گرنگ لە ناو ئەم كتێبەدا هەن و هەندێ پرسیاری گرنگ دەورووژێنن، تەنیا لە سنووری ئەفسانەدا ناوەستێ، بۆ هەموو وردەكارییەكانی ژیان پەل دەهاوێت، بۆ هەموو ئاكار و بیركردنەوەكانی مرۆڤ، بەشەكانی ئەم كتێبە كە بریتین لە كاریگەریی زانست لەسەر ئەفسانە، سەرهەڵدانی مرۆڤ، گرنگی سرووتەكان، لێكدابڕانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ئایندا، ئیلهامی هونەری ڕۆژهەڵاتی، میتۆلۆجیای ئەشق، میتۆلۆجیای شەڕ و ئاشتی، شیزۆفیرنیا، ڕێكردن لەسەر مانگ.

گوتیشی چەند بابەتێكی تر، وردەكارییەكانی دنیای سادە و واقیعی لەگەڵ دنیای ئەفسانە و خەیاڵ و خورافاتدا بەراورد دەكات، وەك لەبارەی كامبڵەوە زانراوە، نووسەرێكی تەواو ئەفسانەناس نییە، ئەفسانە لای ئەم شێوازە بۆ خوێندنەوەی ناهۆشمەندی بەكۆمەڵ، واتە خوێندنەوەی ئاركیتایپەكانی كۆمەڵگە، ئەو لە ژێر كاریگەریی ئاینی ڕۆژهەڵات و دەروونناسیی كارڵ گۆستاف یۆنگ، خۆی دەهاوێتە ناو شیكردنەوەی كۆمەڵگە و هۆشی مرۆڤ و پێوەندییەكانیان. 

 ئەم كتێبە لەسەر یەك ڕیتم، ئەفسانە بە ژیانەوە نابەستێتەوە، بگرە بۆ هەموو مەوداكان دەگەڕێتەوە، ئەوەی زیاتر كامبڵی بەناوبانگ كرد و ناساندی، شیكردنەوەكانی بوو لەبارەی پاڵەوان و گەشتەكانی پاڵەوان، ئەمەشی بە جوانی لە كتێبی ''پاڵەوانی هەزار ڕوو''دا شی كردووەتەوە كە ئەم كتێبەش وەرگێڕی هەمان ئەم كتێبە، نووسەر و وەرگێڕ سەڵاح حەسەن پاڵەوان كردوویەتی بە كوردی، جگە لە وەرگێڕانی دوو كتێبی تری بە ناوەكانی (دەسەڵاتی ئەفسانە و تۆ ئەوەیت). دواجار جۆزیف كامبڵ توانایەكی تایبەتە لە دنیای ئەفسانەناسیدا، لە پاڵ ناوە ناسراوەكانی وەك جێمیس فرێزەر و ئەتۆ ڕانگ و میرچا ئیلیادە و كلۆد لیڤی شتراوس. 



وشە - سۆران عەزیز