بڕیارەكەی دوایی دادگەی فیدراڵی عێراق لە دژی محەمەد حەلبووسی بە هاوشێوەی بۆمبێك بوو كە چوارچێوەی شیعەی نزیك لە ئێران لە ناو ماڵی سوننە تەقاندییانەوە و هێشتا كاریگەرییەكانی بە ناو ماڵەكە دیارە، لە لایەك لێدان بوو لە سەدر، بەو پێیەی حەلبووسی لایەنگرێكی ئەو بوو، لە لایەكی تر لێدان بوو لە حەلبووسی و حزبەكەی، لە لایەكی تریش تێكدانی نەخشەی هێزی ناو ماڵی سوننە و پارێزگەكانیان بوو، كە ئەگەری زۆر بوو حەلبووسی و حزبەكەی كورسییەكی زۆریان لە ئەنجوومەنی پارێزگەكان بە دەست دەهێنا، جیا لە پەیامێكی تری ئێران بەوەی بەسەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق زاڵە و رابردوو لەیاد ناكات و دەبێت نەیارانی وریا بن.
د. عادل جبووری، رۆژنامەوان و نووسەری سیاسی و شارەزای دادوەری لەو بارەوە دەڵێت، لە بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی لە دژی حەلبووسی و تۆمەتباركردنی بە ساختەكاری و دوورخستنەوەی لە پەرلەمان، بەپێی یاسا ساختەكاری كەتنە، بەڵام لێرە بوونی نییە، چونكە لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتە راستەوخۆ لە لایەن دادگەی لێكۆڵینەوە بە ئامادەبوونی تۆمەتبار دەبێت، لێرە حەلبووسی پارێزبەندیی پەرلەمانی هەیە و ناكرێت تا دوای لابردنی ئەو پارێزبەندییە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.
روونی كردەوە، ئەوە رووی نەداوە و لێكۆڵینەوەش لە تۆمەتەكەی سەر حەلبووسی نەكراوە، ئەو بە ساختەكاری تۆمەتبار كراوە، كە ئەوە بوونی نییە، چونكە لەیس دلێمیی پەرلەمانتار بە ویستی خۆی واژووی لەسەر نووسراوێكی دەستلەكاركێشانەوەی بێ وادە و سپی كردووە، دەپرسین لێرە ساختەكارییەكە لەكوێیە، حەلبووسیش وەك سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی پیادە كردووە و مێژووی دەستلەكاركێشانەوەكەی دیاری كردووە، واتە ساختەكاری لەو بابەتەدا نییە.
جبووری دەڵێت، بابەتەكەی تر، واتە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامیەتیی دلێمی، ئەگەر حەلبووسی ساختەكاری كردبێت، بۆچی دادگەكە بڕیاری بە دروستیی دەستلەكاركێشانەوەی دلێمی دا، كە ئەگەر تاوانی حەلبووسی دروست بوایە، دەبوو بۆ پەرلەمان بگەڕێندرێتەوە، بۆیە سەرمان لەو شارەزا یاساییانە سڕ ماوە كە باسی بوونی تاوان دەكەن، چونكە داواكاریی كەسی بە نووسراوی فەرمی دانانرێت و یاسای سزاكانی لەسەر جێبەجێ ناكرێت.
چاودێران پێیان وایە كە بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی رەنگە ببێتە مایەی دروستبوونی ململانێیەكی سەخت لە ناو ماڵی سوننە كە پۆستەكە بۆ كوێ دەبێت، چونكە هەموو هێزە سوننەكان هاتوونەتە سەر خەت و داوای پۆستەكە دەكەن، بەتایبەتی هەواڵە دزەپێكراوەكان باسی ئەوە دەكەن كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی لە هێزە سوننەكانی نزیك لە خۆیان دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.
ئێستە جیا لە هاوبەشەكەی حەلبووسی لە هاوپەیمانی سیادە، واتە خەمیس خەنجەر، چەند هێزێكی تری سوننە كێبەركێی وەرگرتنی پۆستەكە دەكەن، لەوانە هاوپەیمانی حەل بە سەرۆكایەتیی جەمال كەربوولی، هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەنا سامەرایی و چەند هێزێكی تری نزیك لە ئێران، هەینی رابردووش هاوپەیمانی عەسم بە سەرۆكایەتیی سابت عەباسی، وەزیری بەرگری سێ كاندیدی بۆ پۆستەكە خستە روو، ئەوانیش تەڵاڵ زەوبەعی و مەحموود مەشەهەدانی و سالم عیساوین، كە هەرسێكیان پەرلەمانتارن.
لەو ناوەدا سەرانی هاوپەیمانی عەزم دەستیان بە پێوەندیكردن لەگەڵ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەكەی حەلبووسی، بەپێی قسەی پەرلەمانتارێكیش چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی خستووەتە ناو ئەو بابەتە و بینە و بەردەی تیادا دەكات، ئەو پاڵپشتی لە هاوپەیمانی عەزم و موسەنا سامەرایی دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، هەر ئەوەش وای كردووە كە چانسی سوننەكانی تر بەرانبەر بە سامەرایی لاواز بێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە چوارچێوە زیاترین سوودمەندە لە دەركردنی حەلبووسی، چونكە ئێستە موحسین مەندەلاوی، یەكەم جێگری حەلبووسی سەرۆكایەتیی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكات كە سەر بە چوارچێوەیە، پاڵپشتیش لە هاوپەیمانی عەزم دەكات بۆ شوێنگرتنەوەی حەلبووسی كە لەخۆیانەوە نزیكە، ئەوەش لە لایەكی تر بۆ مانەوەی پۆستەكە بە بەتاڵی و مانەوەی مەندەلاوییە، بە گشتی هێزە سوننەكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیانەوێ پۆستەكە لە هاوپەیمانی سیادە دوور بخەنەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی ململانێ لە نێوان هێزە سوننەكان لەسەر پۆستەكە.
تا ئەو ساتە هاوپەیمانی سیادە، كە تەقەدوم، حزبەكەی حەلبووسی و پڕۆژەی عەرەبی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر لەخۆ دەگرێت، هیچ باسی شوێنگرەوەی حەلبووسی نەكردووە، چونكە تا ئێستە حەلبووسی چاوی لەسەر گەڕانەوەیە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ئاماژە دەكات كە بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی كۆتاییە و دەبێت هەفتەی داهاتوو ئەو پۆستە یەكلا بكرێتەوە، توركی عەتەبی دەڵێت، بابەتی خستنەڕووی كاندیان بۆ پۆستە زۆر ناخایەنێت و رەنگە پێنجشەمی داهاتوو یان دوای ئەوە دانیشتنی بۆ ساز بكرێت.
بەپێی سەرچاوەكان، ئێران و توركیا و قەتەر پێوەندیی تەلەفۆنیان بە ژمارەیەك لە سەرانی سوننە، لەوانە لە هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتیی موسەنا سامەرایی، كردووە، باسی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و پێویستیی پەلەكردنیان لە یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان كردووە.
جیا لەوە چەند لایەنێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، بۆ باسكردنی ئەو بابەتە لە ئێرانەوە پێوەندییان پێوە كراوە، دووپات كراوەتەوە كە پێویستە هێزە سیاسییە شیعەكان بۆچوونیان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان هەبێت.