ڕاکردن و ڕۆیشتن کامەیان بۆ تەندروستى باشترە؟

:: PM:08:40:19/11/2023 ‌
ڕۆیشتن یەکێکە لە باوترین وەرزشەکان لە جیهاندا ئەمەیش لەبەر ئەوەی کە وەرزشێکی کاریگەر، بەردەست و سادەیە. ڕۆیشتن بە شێوازێکی بەردەوام دەبێتە هۆی پاراستنی مرۆڤ لە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، نەخۆشییەکانی شەکرە و هەندێک لە جۆرەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە.

لە ئەگەری ڕاهاتن بە ڕۆشتنی بەردەوام ڕەنگە بتەوێت هەندێک لە وەرزشەکە بگۆڕیت خێراییەکەت زیاد بکەیت، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی بە ماوەیەکی کەمتر هەمان سوود وەربگریت کە بە ماوەیەکی درێژتر لە ڕۆشتنەکە وەری دەگریت.

دەکرێت بپرسین ئایا تا چەندێک ڕاکردن سوودی لە ڕۆیشتن زیاترە؟

پێوانەى ئەوەی ئایا ئەو ڕاهێنانەی کە ئەنجامی دەدەی، چەند سوودی لێ وەردەگیرێت پێوانەی ستانداردی ئاڵتوونی ''VO2 max'' بەکار دەهێندرێت کە بریتییە لە هەژمارکردنی چەندییەتی هەڵمژینی ئۆکسجین لەلایەن جەستەوە لە کاتی ئەنجامدانی ورزشەکاندا.

دکتۆر ئەلیسۆن زیلینسکی پزیشکی دڵە و پێی وایە تەنانت کەمێک جولە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵمژینی ئۆکسجین لەلایەن جەستەوە، کە ئەمەیش بە وەرزش هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر بێت و جولەکان بکرێن بە ڕاکردن و وەرزشەکە چڕتر بکرێتەوە ئەوا دووهێندە لێدانەکانی دڵ زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی باشتربوونی تەندروستی.

شارەزایان پێیان وایە، کاتێک بە خێراییەکی مامناوەند بۆ بەرز ڕادەکەیت، بە جۆرێک توانای گۆرانی گوتنت نەمابێت و لە هەناسەبڕکێدا بیت، ئەوە لەپاڵ سودگەیاندن بە دڵ، ئەم جۆرە لە وەرزش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی مایتۆکۆندریای زیاتر و ئەمەیش کاریگەری ئەرێنیی لەسەر بەهێزبوونی ماسوولکەکانمان دەبێت.

بەگوێرەى ڕێنوێنییە تەندروستییەکان هەفتانە بەلایەنی کەمەوە 150 بۆ 300 خولەک ڕاکردنی مامناوەند بۆ خێرا ئەنجام بدەین، ئەم زانیارییانەش بۆمان بەدەردەخەن کە ڕاکردن سێ قاتی ڕۆشتن باشترە، بەجۆرێک دەرکەتووە15  خولەک لە ڕۆیشتن بەرانبەرە لەگەڵ پێنج خولەک ڕاکردن.



وشە - ئارا هێمن