مامۆستایانی سنووری پارێزگەی سلێمانی بە هۆكاری دواكەوتنی مووچە، كە لە لایەن بەغداوە نەنێردراوە، بایكۆتی دەوامیان كردووە، تا ئێستەش ئامادە نین بچنەوە هۆڵەكانی وانەگوتنەوە، ئەوەی جێگەی باسە تا ئێستە فەرمانبەر و مامۆستایانی سنوورەكە هیچ قسە و هەڵوێستێكیان دژی بەغدا و سیاسەتەكانی نییە و هەموو ناڕەزایەتی و دژایەتییەكیان بەرانبەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، لەكاتێكدا هەرێم نەوتەكەی نافرۆشێت و دەبێت بەغدا پارە رەوانە بكات.
تاریق تاهیر، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە هەموو هەرێمی كوردستان پێوەندییان هەیە بۆ ئەوەی شێوازی ناڕەزایەتییەكانیان بگۆڕن، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەفتەی ئایندەوە رۆژی یەكشەم ناڕەزایەتییەكان دەگوازینەوە بۆ گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و لەوێ دەست بە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەكان دەكەین و داوای ماف و مووچەی خۆمان دەكەین، هاوكات لە پارێزگە و ناوچەكانی هەرێم خۆپێشاندان دەوەستێنین.
لەكاتێكدا لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم راگیراوە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر بەغدایە و لە دەسەڵاتی هەرێم نەماوە، بەڵام مامۆستایان خۆپێشاندانەكانیان دژی حكوومەتی هەرێمە و دژی بەغدا نییە.
بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەرزی یەكەمی خوێندن كۆتایی هات، كەچی بەهۆی بایكۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، وەرزی یەكەم نەخوێندرا و تا ئێستەش هیچ قەرەبوویەك بۆ خوێندكاران نییە.
لەوبارەوە تەحسین غەریب، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دۆخە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هەموو مووچەخۆران دروست بووە نەك تەنیا بۆ مامۆستایان، تا پێش ئەوەی بەغدا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، حكوومەتی هەرێم لە سەرەتای هەموو مانگێك دەستی بە دابەشكردنی مووچە دەكرد و لە ماوەی چەند رۆژێك مووچەی هەموو فەرمانبەران دابەش دەكرا، داهات لە دەستی خۆی بوو، تا رادەیەكی زۆر باش كاتی مووچە دیاریكراو بوو، وەك ئەو پێنج مانگەی بەغداش مووچە دوا نەدەكەوت، بەڵام سەرەڕای ئەو ستەمەی بەغدا، تا ئێستە هاووڵاتی و فەرمانبەران لە ناوخۆ هیچ هەڵوێست و دژایەتی و قسەیەكیان دژی بەغدا نەكردووە.
لای خۆیەوە هەرێم شێخ جەلال، مامۆستا بە "وشە"ی گوت، ئەو بایكۆتەی مامۆستایان كردوویانە، زیانی گەورە بە كەرتی پەروەردە و خوێندن لە سنوورەكە دەگەیەنێت، هۆكاری ئەو دۆخەش كە دروست بووە روونە كە بەغدایە، دواخستن و نەناردنی پارە لە بەغدا وای كرد دۆخەكە بگاتە ئەوە، هەموو جارێك حكوومەت باسی لەوە كردووە كە بەغدا مووچەی دواخستووە و بەهۆیەوە مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە و بەغدا مافی فەرمانبەرانی هەرێم نادات، بەڵام رووی ناڕەزایەتییەكان لە حكوومەتە و فەرمانبەر حكوومەت تاوانبار دەكات و هیچ قسەیەكیشیان بەرانبەر بەغدا نییە.
بایكۆتی خوێندن لە سنووری پارێزگەی سلێمانی زیاتر لە هەشت هەفتەی تەواو كردووە و دەیان هەزار خوێندكار چاوەڕێی كردنەوەی دەرگەی قوتابخانەكان دەكەن، بەشێك لەو قوتابخانانەی پۆلی 12یان هەیە، چەند مامۆستایەك دەوام دەكەن و بەشێكیش تا ئێستە ئامادەنین دەوام بكەن، خوێندكاران چەند وانەیەك دەخوێنن و مامۆستای چەند وانەیەكیش تا ئێستە ئامادەنین دەوام بكەن، واتە ئەو خوێندكارانە بە شێوەی كەموكورتی وانە دەخوێنن.
وشە/ تایبەت