حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و بنكەكانی كشتوكاڵ دەستی بە دابەشكردنی بنەتۆی گەنم بەسەر جووتیاران بە نرخی هەرزان بە بەراورد بە نرخی بازاڕ كردووە، ئەوەش وەك هاوكاری و پاڵپشتییەك بۆ جووتیاران تا بتوانن بەرهەمی باشیان هەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگەی سلێمانیش دووپاتی دەكاتەوە كە ئامانجیان زیاتركردنی بنەتۆیە و لە كاتی پرۆسەی دروێنەش بە نرخێكی گرانتر لە جووتیارانی دەكڕنەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە رێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ بنەتۆ بەسەر جووتیاران دابەش دەكات، نرخەكەی هەرزانە و هاوكاری و سووككردنی ئەركی سەر شانی ئەوانە، نرخی بازرگانیی ئەو بنەتۆیە لە بازاڕ بۆ یەك تۆن سەرو یەك ملیۆن دینار دەكەوێت، بەڵام حكوومەت هەر تۆنێك بە 660 هەزار دینار دەیداتە جووتیاران و بۆ ئەو مەبەستەش هەزاران تۆن بنەتۆ بۆ جووتیاران ئامادە كراوە.
لەوبارەوە شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە كاتی چاندنی بنەتۆیە و بۆ ئەوەی هاوكاری و پاڵپشتیی جووتیاران بكرێت، داوامان كردووە ئەو جووتیارانەی كە بنەتۆیان پێویستە، پێوەندی بە فەرمانگە و بنكەكانی كشتوكاڵ لە ناوچەكانی گردەبۆر، پیرەمەگرون، سورداش، شارۆكەی دوكان، خەلەكان، خدران، بنگرد و چەند ناوچەیەكی تر، بكەن بۆ ئەوەی بنەتۆیان بە نرخی پاڵپشتیكراو و هەرزان لە خوار نرخی بازاڕ پێ بدرێت، كە ئەمەش هاوكاری و دەستگرتنی جووتیارانە تا لە بازاڕ بە نرخی گران نەیكڕن.
باسی لەوەش كرد، بۆ سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان سەرو دوو هەزار تۆن بنەتۆی گەنممان ئامادە كردووە و پاك كراوە بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاران دابەشی بكەین، نرخەكەی بۆ یەك تۆن گەنمیش 660 هەزار دینار دیاری كراوە، لەوكاتەی لە بازاڕ نرخی یەك تۆنی سەرو یەك ملیۆن دینارە، ئەمەش وا دەكات جووتیار بە تێچوویەكی كەمتر گەنمەكەی بچێنێت و پارەیەكی زیاتری بۆ بگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگەی سلێمانی زیاتر گوتی، ئەو بنەتۆیە ناوی "سلێمانی دووە"، مەرجی خۆی هەیە بۆ چاندن، ئەو جووتیارەی كە دەیكڕێت، دەبێت بۆ كاتی چاندن و خزمەتكردن ئەو مەرجانە جێبەجێ بكات كە هەموویان دەزانن چۆنە، چونكە ئەو گەنمە دوایی تەنیا وەك بنەتۆ لە جووتیاران وەردەگیرێتەوە، لەوەشدا ئامانجمان ئەوەیە بنەتۆ زۆر بێت و ساڵانە بە نرخی هەرزان بدرێتە جووتیاران، لە كاتی پرۆسەی دروێنەش ئەگەر گەنمەكە هەمان مەرج و كوالێتی هەبوو، بە نرخی گرانتر لە جووتیاران دەكڕدرێتەوە
لای خۆیەوە خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی بە "وشە"ی گوت، پاڵپشتیكردنی جووتیاران خزمەتێكی گەورە بە كەرتی كشتوكاڵی و بەرهەمی ناوخۆ دەكات، كاتێك پاڵپشتیی جووتیاران كرا، هەر لە دابینكردنی بنەتۆ و پێدانی دەرمان لە كاتی سەرهەڵدانی مێروو و بگرە تا دەگاتە كردنەوە و دۆزینەوە بازاڕ و بۆ ساغكردنەوەی بەرهەم و قەدەغەی هاوردەكردن، ئەمە وا دەكات جووتیار ئاسوودە بێت.
روونی كردەوە، هەرزان فرۆشتنی بنەتۆ شتێكی باشە و لە بەرژەوەندیی جووتیاراندایە و كەمكردنەوەی قورسایی و خەرجییە لەسەر شانی ئەوان، چونكە جووتیار خەرجییەكی زۆری لەسەر دەكەوێت و كاتێك بە نرخی كەمتر پێداویستی و كەلوپەلەكانی لەسەر بكەوێت ئەمە خزمەتێكە، جگە لەمە گەنمەكە لە هەموو روویەكەوە باوەڕپێكراوە، بە تایبەت لە رووی زانستییەوە و لە رووی كوالێتیش باشە، كە ئەگەر جووتیار خۆی ئەوە بكات لەوە زیاتر لە سەری دەكەوێت.
ئەو جووتیارە دووپاتی كردەوە، ئەگەر جووتیار خۆی لە بازاڕ گەنم بكڕێت و گەنمەكەش بە كوالێتی و پاككراو بێت، بۆ هەر تۆنێك سەرووی یەك ملیۆن دینار لەسەر دەكەوێت، بۆیە ئەوان بە هاوكاریی حكوومەت بۆ جووتیاران دڵخۆشن، ئەگەر جووتیار خۆی ئەو بنەتۆیە پاك بكات، یەك تۆن بڕی 300 هەزار دینار لەسەر دەكەوێت.
هەر پێوەست بەو بابەتە ئیبراهیم سادق، جووتیارێكی ترە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، جووتیاران بەهۆی ئەوەی ئەركێكی قورسیان لەسەر شانە، هەر لە كێڵان و كڕین و چاندن و گواستنەوە و خەرجی و ئاودان ئەگەر كەمئاوی هەبێت، هەروەها دەرمان و قڕكەرەكان و پەین تا وەرزی دروێنە و گواستنەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ماندووبوونەوە، ئەوە وا دەكات ئەركی سەر شانیان قورس بێت، بەڵام حكوومەت بەو هاوكارییەی كە دەیكات، پاڵپشتیی خۆی بۆ جووتیاران و كەرتی كشتوكاڵی و بەرهەمی ناوخۆ دووپات دەكاتەوە، ئاماژەی كرد، كە ئەگەر جووتیار تەنیا هاوكاری بكرێت، كاری گەورە ئەنجام دەدات و خزمەتی گەورە دەكات.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی