مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وتاری دەستپێكی كۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، هیچ جێگرەوەیەك بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز نییە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەكان. پێویستە لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكانمان بەردەوام بین.
ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەخێرهاتنێكی گەرمتان دەكەم بۆ چوارەمین كۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەلایەن زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان ڕێكخراوە.
زیاتر گوتی، جارێكی تر لەگەڵ كۆمەڵێك شارەزای ناوازە، بازرگان و بڕیاربەدەست كۆ بووینەتەوە كە هەموویان شارەزایی و تێگەیشتنێكی قووڵیان بۆ ناوچەكەمان و پابەندییە هاوبەشەكانمان و ئەو كێشانەی هەن هەیە. ئەو تاقیكردنەوانەی ڕووبەروویان دەبینەوە وەك خەڵك و نەتەوە، تاقیكردنەوەی گەورەن. هەریەك لە ئێوە كە ئەمڕۆ لێرەن، ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەك لە شێوەكان ڕووبەڕووی ئەو كێشانە بوونەتەوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو باسیان لێوە دەكەین. من دڵنیام بە هەمانشێوەی من، ئێوەش لەوكاتانەدا خۆزگەتان خواستووە،وەڵامەكان ئاسانتر بوونایە لەوەی كە هەن.
باسی لەوەش كرد، ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێكخەرانی كۆنفرانسەكە دانراوە، بریتین لەو كێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەكانی وەك گۆڕانی كەشوهەوا، كۆچی بەكۆمەڵ، توندڕەوی و پاڵنەرەكانی و درێژە پێدان و بەردەوامیی سەرچاوە سروشتییەكان و سیستمەكانی بەڕێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت. پێشبینی ئەوەش دەكەم هەندێك لەو گفتوگۆیانەی دەكرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیەكان. لەبەرئەو هۆكارانە، كۆبوونەوەیەكی لەمجۆرە و ئەو گفتوگۆیانەشی تێدا دەكرێن لەلایەن ڕۆشنبیر و شارەزایان، دەتوانن هاوكاربن بۆ ئەوەی دەرئەنجامێكی باشیان هەبێت.
"خۆشحاڵم كە بەشداران لە چەند وڵاتێكی جیاوازەوە هاتوون. ئەو هاوڕێیانەی لە وڵاتانی دراوسێ و دوورەوە هاتوون، بەخێرهاتنتان دەكەم و پەرۆشم بۆ قووڵكردنەوەی پێوەندییەكانمان. بەشداریتان پابەندبووتان دەسەلمێنێت بە دیالۆگ، وەك پاڵنەرێك بۆ تێگەیشتن. جیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یان جیهانی بێت، هیچ جێگرەوەیەك بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز نییە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەكان. پێویستە لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكانمان بەردەوام بین" سەرۆكی حكوومەت وای گوت.
سەرۆكی حكوومەت لە بەشێكی وتارەكەی رای گەیاند، دەبێ ئامادە بین بۆ تێگەیشتن و دداننان بەوەی هەندێك لەو كێشانەی لێرە گفتۆگۆیان لەبارەوە دەكرێت، مەترسین بۆ سەر هەموومان. بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمای هەسارەی زەوی، لێكەوتەی زۆر مەترسیداری دەبن لەسەر ناوچەكەمان و جیهانیش، نەبوونی ئاسایشی خۆراك و كەمئاوی و كۆچی بەكۆمەڵ خێراتر دەكات. ئەمەش كێشەیەك نییە دوای بخەین. چونكە ئێستە وا ڕوو دەدات. شەپۆلەكانی گەرما و لافاوەكان زیاتر بوون، ئێستە ناچار بووین بیری قووڵتر لێ بدەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاو. بەگوێرەی تازەترین ئاماژەكان، پێشبینییەكانی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر نزیكن لەوەی بەڕاستی ڕوو بدەن. پێویستە كاری باشتر بكەین بۆ ڕێگریكردن لە دەردانی كاربۆن. هەموو هۆكارێكیشمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو كارە بكەین و هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی نەیكەین.
باسی لەوەش كرد، ئێستە كاتی ئەوە نییە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە یان دەستەوەستان بین و خۆمان لە كێشەكان بەدوور بگرین. پێویستە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی كار بكەین، پێش هەموو شتێك وەك هاووڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێكی جیهانی. لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە، خۆبەستنەوە بەو هەستەی لە كوێ دەژین، دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەرمان. كوردستان ناتوانێت بۆ نموونە لە دەرئەنجامەكانی گەرمبوونی كوێت هەڵبێت. بەحرێن و بەسرە، نەك تەنیا لەڕێی دەریاوە، بەڵكو بە چارەنووسێكی هاوبەشی كەشوهەواشەوە پێكەوە بەستراونەتەوە.
روونی كردەوە، بەهای هاوبەشی مرۆییمان داوامان لێ دەكات، ڕووبەرووی گەرمبوونی هەسارەی زەوی ببینەوە، بەهەمانشێوەی دیمەنەكانی شەڕ و بێكاری دەیان ساڵی رابردوو ، ئێستەش بەردەوام دەیانبینین، بۆیە ناكرێت ڕێ بدەین دیمەنێكی لەو شێوەیە ببێتە شتێكی ئاسایی.
"هەموومان دیمەنی دڵتەزێنی خەڵكی سڤیل و بێ تاوانمان بینیوە، منداڵ و بە تەمەن بوونەتە قوربانی شەڕێكی تتری وێرانكەر. پێویستە ئەم دیمەنانە بەئاگامان بێنێتەوە. ئەو توندوتیژییانەی ئێمە دەیانبینین، هیچكات چارەسەر نین و ئاشتی بەدی ناهێنن، بەڵكو دەبنە هۆی بەردەوامی وێرانكاری و كارەساتەكان" سەرۆكی حكوومەت وای گوت.
لە وتارەكەی باسی لەوە كرد، پێویستە ئێمە نەك تەنیا سەركۆنەی شەڕ و توندوتیژییەكان بكەین، بەڵكو دەبێ چارەسەر بۆ كێشە هەڵواسراوەكان و ناكۆكییەكانیش، پێش ئەوەی بگاتە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بدۆزینەوە. نابێت بۆ چارەسەری كێشەكان چاوەڕێ بكەین، لە كاتێكدا دەتوانین پێش ئەوەی لە كۆنترۆڵ دەربچن چارەسەریان بكەین. پێویستە جیاوازییەكانی یەكتر قبووڵ بكەین و فێر بین بەرێزەوە لەگەڵ یەكتر بژین، نەك بەدوای پاساودا بگەڕێین بۆ ڕەتكردنەوەی بەرانبەر.
قسەكانی سەرۆك حكوومەت بەشێكی پێوەندیی بە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو و رای گەیاند، هەموومان لە دەستپێكردنەوەی توندوتیژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شۆك بووین. چارەسەرنەكردنی ناكۆكییەكی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمانشێوە كێشەیە. بۆ نموونە 30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلییەكان وەك پێویستی و مۆدێلێك دەبینرێت. كوردیش بەهەمانشێوە داوای هەمان ماف و شكۆمەندییان كرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە. چۆن پشتگیرییەكی زۆر لە دۆزی كەسێك دەكەیت و لە بەرانبەر دۆزی ئەوانی تردا، خۆت بێدەنگ دەكەیت؟ ئێستە كاتی ئەوەیە كاری باشتر بكەین. كێشە چارەسەر نەكراوەكان پێویستیان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستە كە جیهان بەدوای چارەسەرێكی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێیەكی نوێ دەكەم، بۆ ئەوەی بزانین ئێمەی كوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێكانمان بەیەكەوە بژین.
سەرۆكی حكوومەت تیشكی خستە سەر رووداوەكانی عێراق و رای گەیاند، پەرەسەندنەكانی ئەمدواییەی عێراقیش جێی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلكردنی دەستووری عێراق و پابەندنەبوون بەو ڕێككەوتنەی پێكهێنانی ئەم حكوومەتەی ئێستەی لێ كەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكان لێ دەكەوێتەوە.
لە وتارەكەی رای گەیاند، ئەگەر بڕیارە تاكلایەنەكان بەردەوام بن و دامەزراوەكانی حكوومەت لەلایەن یەك گرووپەوە كۆنترۆڵ بكرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاكتەرانەش، گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژارییە و ئەمانەش هۆكارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە، شێوازێكی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و جێبەجێكردنی كارە تەواو نەكراوەكانی ناوچەكە، پێویستییەكی بەپەلەیە.
لە كۆتایی قسەكانی گوتی، ئێستە كە ئێوە لێرەن، داواتان لێ دەكەم پێشوازیی لەو شتانە بكەن كە ئێمە وەك كوردستانی پێشكەشی دەكەین. لە ڕێی ئێوەیشەوە داوا لە هەموو جیهان دەكەم ئەو هەنگاوانە ببینن كە ئێمە لە ڕووی ئابووری و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتەكانەوە ناومانن. زۆر زیاترمان هەیە بۆ ئەوەی بە جیهانی پێشان بدەین، بانگهێشتتان دەكەم بۆ ئەوەی لەم هەنگاوانەدا لەگەڵمان بەشدار بن.