پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب بە بەشداری 200 دەزگا لە سلێمانی دەكرێتەوە

:: AM:10:54:20/11/2023 ‌
بڕیارە رۆژی 23ـی ئەم مانگە، پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی بکرێتەوە، تا ئێستە زانراوە 200 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ناوخۆیی و دەرەكی بەشدار دەبن تێیدا و دەیان چالاكی رۆشنبیریش لە خۆ دەگرێ.

شەوقی عومەر سەرپەرشتیاریی گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند، رۆژی 23ـی ئەم مانگە پێنجەمین پێشانگەی کتێب لە سلێمانی دەكرێـتەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. ئاماژەی دا "رۆژانە لە سەعات 10ی بەیانی تا شەشی ئێوارە خانەكانی كتێب پێشوازی لە خوێنەر دەكەن".

بەگوتەی شەوقی، "زیاتر لە 200 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی بیانی و ناوخۆیی بەشداری پێشانگەكەی سلێمانی دەكەن، دەزگا بیانییەكان لە 20 وڵاتی جیاوازەوە دێن".

"پێشانگەكە دەیان هەزار ناونیشانی تازە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و زمانی تریش لە خۆ دەگرێ، هەروەها کتێبەکان بە گشتی هەموو بوارەکانی رۆشنبیری، فکر، ئاین، فەلسەفە، کۆمەڵایەتی، هونەری، زانستی، شیعر، ئەدەب و هونەر، چیرۆک و ڕۆمان، مێژوو و میوزیكی تێدان" شەوقی وای گوت. 

كردنەوەی پێشانگەكە لە كاتێكدایە سەرەتای ئەم مانگە كۆمەڵێك دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی لە بەیاننامەیەكدا رەتیان كردەوە بەشداری پێنجەمین پێشانگەی سلێمانی بكەن، چونكە وەك ئەوان گوتیان "نرخی شوێنی خانەكان زۆر گرانە و ناگونجێ لەگەڵ بارودۆخی ئابووری كوردستان".


وشە - سۆران عەزیز