زیاتر لە دوو هەزار باڵەخانە مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە

:: AM:11:39:20/11/2023 ‌
بەهۆی كۆنی و خراپیی كوالێتییان، زیاتر لە دوو هەزار باڵەخانە لە شاری بەغدا مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی عێراقیش ئاماژە بەوە دەكات، ئەو باڵەخانانە مەترسین لەسەر دانیشتووانەكەیان، بۆیە دەبێت دەستبەجێ یان بیانڕووخێنن یان نۆژەنیان بكەنەوە.

لیوا موحسین كازم بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە كردووە، وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەكی هاوبەشی پێكهێناوە و توانیویانە، دوو هەزار و ٥١٧ باڵەخانە لە پارێزگای بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق دیاری بكەن كە مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە، ئەگەر لە ماوەیەكی دیاریكراودا رێكنەخرێن،  مەترسی لەسەر دانیشتووانەكانیان دروست دەكەن.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەندامانی ئەو لیژنەیە توانیویانە ئەو باڵەخانانە بۆ سێ بەش پۆلێن بكەن، یەكەمیان ئەو باڵەخانانەن كە مەترسیی زۆریان لەسەرە و پێویستە دەستبەجێ لەلایەن هاووڵاتییانەوە چۆڵ بكرێن و تێكبدرێن، هەندێكیش لەو باڵەخانانە ئەوانەن كە پێویستە نۆژەن بكرێنەوە.

بەغدا گەورەترین شاری عێراقە و لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا لە پاش قاھیرە، دووەم شاری گەورەی عەرەبییە. بەغدا لە نێوان ساڵانی ٧٦٢ بۆ ٧٦٤ لە سەردەمێكدا پایتەختی خەلافەتی عەباسی بووە دروست كراوە، لە كۆندا پایتەختی عوسمانییەكان بووە و پایەیەكی بەرزی ھەبووە لەو كاتەدا، لەبەرئەوەی بە گرنگترین ناوەندی زانست و زانیاری هەژمار كراوە، بۆ ماوەی چەند سەدەیەكیش جێی پێكگەیشتن و ژوانی زاناكانی ئەو سەردەمە بووە. 

بەغدا یەكێكە لەو شارانەی كە لە مێژووی دەوڵەتی عەباسیدا پانتاییەكی گەورەی ھەبووە و پێوەستە بە مێژووی ئەوانەوە، لەبەرئەوەی دووەمین خەلیفەی عەباسییەكان كە ئەبو جەعفەری مەنسوور بوو، لە ساڵی ٧٦٢ی زایندا بەغدای بە پایتەختی خۆی ھەڵبژارد؛ دوای ئەوەی بەسەر نەیارەكانیدا سەركەوت لە عەباسی و عەلەوییەكان، شاری بەغدا لەو سەردەمەدا لە ڕووی بیناسازییەوە شتێكی جیاواز و نوێ بوو لە چاو شارەكانی تری عەرەبدا، ئەو سەردەمە لە ڕووی شێوە بازنەیی و بیناسازییە جوانەكەیەوە كە لە ئەوروپادا بە ھونەری «ئەرابێسك» ناسراوە كە ھونەرێكی تایبەتە بە زەخرەفەی ئیسلامی، لە سەردەمی ھاروون ڕەشیددا ئەم شارە گەیشتووەتە لقەپۆپەی بەرزی و شكۆداریی خۆی و خانووەكانی تا دەھات بە چواردەوریدا جوانتر و فراوانتر دەبوون، وەك چەند شارێكی بچكۆلەی یەكگرتوو دەھاتە بەرچاو كە ژمارەیان ٤٠ شار دەبوو.
 




وشە - سۆران عەزیز