تا ئێستە لێڵییەك لەبارەی گۆڕینەوەی دیلەكانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەیە، وێڕای ئەوانەی ناوەندگیریی لە نێوان هەردوولا دەكەن، باس لە گەشبینییەك دەكەن كە گەیشتوونەتە نزیكی كۆتا و تەنیا لەسەر هەندێك شتی ورد ماوەتەوە. لەوبارەیەوە راپۆرتێك بڵاو كراوەتەوە و قسە لەبارەی وردەكارییەكان دەكرێت.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، راپۆرتێكی تایبەت بە دۆسیەی دیلەكان بڵاو كردووەتەوە كە تا ئێستە ئەنجامی دۆسیەكە بە نادیاری ماوەتەوە، وێڕای ئەوەی بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێ، رێككەوتن لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لەبارەی گۆڕینەوەی دیلەكان، گەیشتووەتە ئاستێكی زۆرباش بەراورد بە ماوەكانی پێشتر. كەچی ئیسرائیل دەڵێ ئەوانەی باس دەكرێن، راستییان تێدا نییە و دۆسیەكە زۆر ئاڵۆزە.
هەر كە بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی مانگی رابردوو هێرشی كردە سەر ئیسرائیل و جیا لە كوشتنی ژمارەیەكی زۆری ئیسرائیلی، هاوكات باس لە گرتنی زیاتر لە 200 ئیسرائیلی وەك بارمتە دەكرێت كە كەوتوونەتە بەردەستی ئەو بزووتنەوەیە. لەوكاتەوە قەتەر و میسر و ئەمەریكا وەك ناوەندگیر بۆ ئازادكردنی دیلە ئیسرائیلییەكان و گۆڕینەوەیان بە دیلە فەلەستینییەكان كە لەناو گرتووخانەكانی ئیسرائیلدان، لە هەوڵەكانیان بەردەوامن و باس لە پێشوەچوونی دۆسیەكە دەكەن، وێڕای ئەوەی ئیسرائیل زانیارییەكان لەبارەی دۆسیەكە بە ناڕاست دەزانێ.
بەرپرسانی نزیك لە گفتوگۆكان دووپات لەوە دەكەنەوە، هەردوولای ئیسرائیل و حەماس لە ئەنجامەكان زۆر نزیك بوونەتەوە، ئەویش بە ناوەنگیریی نێودەڵەتی بۆ وەستانی شەڕ و گۆڕینەوەی دیلەكان كە حەماس لە حەوتی مانگی رابردوو دیلی كردبوون و بەهەمانشێوە ئیسرائیلیش دیلی لەلایە.
بەپێی میدیاكانی ئیسرائیل كە بڵاویان كردووەتەوە، بەرپرسێكی سیاسیی ئیسرائیلی ئەمڕۆ لەبارەی دۆسیەی گۆڕینەوەی دیلەكان گوتوویەتی، ئەوەی باس دەكرێ لەبارەی نزیكبوونەوەی بۆچوونەكان، هیچ بنەمایەكی راستیی نییە.
هاوكات چەند بەرپرسێكی میسری كە نزیكن لە گفتوگۆكان، دووپاتیان كردووەتەوە كە دۆسیەكە لە نێوان دوو كەوانەدایە. دوێنێ لایەنەكانی دانوستانكار گفتوگۆی ئەوەیان كردووە پێشنیازێك هەیە كە حەماس ژمارەیەك دیلی ژن و منداڵ ئازاد بكات، ئیسرائیلیش بەهەمان ژمارە ژن و منداڵی فەلەستینی كە لەناو گرتووخانەكانی ئەون ئازاد بكات.
ئەوەشیان گوتووە كە تا ئێستە ئیسرائیل و حەماس نەگەیشتوون بەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژ شەڕ رابوەستێت. ئەوەیش رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی كردووەتەوە.
بەرپرسانی میسر دەڵێن یەك لە سیناریۆكان ئەوەیە بۆچوونێك خراوەتەڕوو، وەستانی شەڕ بۆ ماوەی پێنج رۆژ بێت، لە بەرانبەردا یەكەمین رۆژ حەماس 50 ژن و منداڵی ئیسرائیلی ئازاد بكات، دواتریش 10 دیلی تریش ئازاد بكات، وێڕای ئەوەی بزووتنەوەكە گرەنتیی ئەوە بدات كە لەناو دیلەكان، دایكەكان لە منداڵەكانیان جیا نەكرێنەوە.
لەسەر ئەوەیش رێككەوتوون كە گۆڕینەوەی دیلەكان لە سنووری رەفەحی میسری و كەرتی غەزە بێت.
باس لەوەش كراوە كە ئەوەیش دۆخی دۆسیەكەی ئاڵۆزتر كردووە، تا ئێستە نەتوانراوە چارەنووس و شوێنی دیلەكان كە لەلای حەماس و گرووپەكانی فەلەستینن لە غەزە، دیاریكراو بێت، چونكە باس لەوە دەكرێ كە دیلەكان بڵاوەیان پێ كراوە و هەر ژمارەیەك لە دیلەكان لە شوێنی جیاوازدان، بۆ ئەوەیش بەردەوام درۆنەكانی چاودێریی ئیسرائیل لە ئاسمانی غەزە دەسووڕێنەوە.
بەرپرسانی میسری ئەوەشیان گوت كە ئێستە ئیسرائیل لێكۆڵینەوە لەسەر لیستی دیلەكانی فەلەستینی دەكات كە لە گرتووخانەكانی ئیسرائیلن، بەتایبەتی بۆ ئەوەی هیچ یەكێك لە دیلەكان بۆ ئازادكردنیان، پێوەندیی رێكخراوییان لەگەڵ حەماس نەبێت.
باس لەوە دەكرێ كە ئاڵۆزییەكی تریش لەبارەی یارمەتییە مرۆییەكان هەیە، داوا دەكرێ رۆژانە 150 باربەری یارمەتیی مرۆیی كە سووتەمەنی و كەلوپەلی نەخۆشخانەكانیشی تێدایە، بگەنە غەزە.
سێ سەرچاوە كە نزیك لە دانوستانەكانن و ئاماژە بە ناوەكانیان نەكراوە، گوتوویانە دانوستانەكان ماوەی چەند رۆژێكە وەستاون، تا ئێستە نەگەیشتوون بە ئەنجام.
لەلایەكی تریشەوە جۆن فاینەر یاریدەدەری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا روونی كردووەتەوە، لە هەموو كاتێك زیاتر، ئێستە دانوستانەكان لە ئەنجام نزیك بووەتەوە.
لە حەوتی مانگی رابردووەوە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە دەستپێشخەریی حەماس دەستی پێ كردووە، بەهۆیەوە زیاتر لە 13 هەزار كەس كوژراون و سەرووی 25 هەزار كەسی تر بریندار بوون. ملیۆنێك و 500 هەزار كەس لە دانیشتووانی غەزە ئاوارە بوون و قەیرانی مرۆیی بەسەر كەرتی غەزەدا زاڵە و خەڵك تەنانەت دەستیان بە خۆراك و ئاویش راناگات.