جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، نابێت پێوەندیمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بكەین، بەغدا چەقی سیاسیی كوردە لە عێراق، بەهۆی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت رووداوەكانی ئەمدواییەی عێراق، دەرخەری ئەوەن كە كێشەكان سیاسین و من وەك كوردێك هەست دەكەم كە سزای سیاسی دەدرێین.
لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، نابێت پێوەندیمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بكەین و دەبێت بەهێزی بكەین، چونكە بۆ كورد بەغدا چەقی سیاسەتكردنە، هاوكات پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عێراق چارەسەر بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەكانی ئەمدواییەی عێراق دەرخەری ئەوەن كە كێشەكان سیاسین و من وەك كوردێك، هەست دەكەم كە سزای سیاسی دەدرێین، چونكە ئێستە مووچەی فەرمانبەرانمان چەند مانگێكە دواكەوتووە و بایكۆت لە بەشێكی كوردستان بەردەوامە.
دووپاتی لەوەش كردەوە، كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات وەك پرسە گرنگەكانی بودجە و مووچە كە بوونەتە كێشەی گەورە لە هەرێم، هاوكات بەبێ چارەسەركردنی پرسی فیدراڵیزم، پرسی دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێ و ئەم كێشانە پێكەوە بەستراون.
ئەوەش دەڵێت، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەبێتە هۆی بوونی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا، بەبێ ئەنجوومەنی فیدراڵیش دەكرێت سیستمی فیدراڵیزم لە عێراق جێبەجێ بكرێت و پێویستە گفتوگۆی راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عێراقەوە هەبێت.
ئەوەشی راگەیاند "دووپات دەكەمەوە پێش هەموو شتێك پێویستە لە عێراق عەقڵییەت هەموار بكرێتەوە، چونكە دەستوور و یاسا بەتەنیا نابنە چارەسەر بۆ كێشەكان، لە رابردوودا كورد بەشدارێكی كارا بوو لە یاسای بودجە، بەڵام كورد چ سوودێكی لە یاساكە بینی؟ یان یاسا چ سوودێكی هەیە ئەگەر جێبەجێ نەكرێت؟".