وه‌زیرێكی ئیسرائیلی: غه‌زه‌ییه‌كان دابه‌ش بكه‌نه‌ سه‌ر وڵاتانی دنیا

:: PM:02:42:20/11/2023 ‌
له‌وه‌ته‌ی 45 رۆژه‌ جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌ستی پێ كردووه‌، چه‌ندان لێدوان له‌باره‌ی دوای له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌زه‌ دراون، كه‌ پاشه‌ڕۆژی ئه‌و كه‌رته‌ چیی لێ بكرێت؟. وه‌زیری هه‌واڵگریی ئیسرائیلیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ، له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له‌ ئاوه‌دانكرددنه‌وه‌ی غه‌زه‌ بكه‌نه‌وه‌، باشتره‌ خه‌ڵكی سڤیلی كه‌رته‌كه‌ دابه‌ش بكرێنه‌ سه‌ر وڵاتانی دنیا.

پێگه‌ی "عه‌ره‌بیه‌" ئه‌مڕۆ دووشه‌م 20ی تشرینی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زیرانی كه‌له‌پوور و دارایی ئیسرائیل لێدوانیان له‌باره‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و كه‌رتی غه‌زه‌ دابوو و لێدوانه‌كانیان كێشه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌یان دروست كرد. ئه‌مڕۆ گێلا گملئیل كه‌ خاتوونێكه‌ و وه‌زیری هه‌واڵگریی ئیسرائیله‌، رای گه‌یاندووه‌ كه‌ له‌بری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌رته‌كه‌ و خه‌رجكردنی پاره‌یه‌كی زۆر، باشتره‌ خه‌ڵكی سڤیلی غه‌زه‌ دابه‌ش بكرێنه‌ سه‌ر وڵاتانی دنیا.

گێلا ئه‌ندامی حزبی "لیكۆد"ی ئیسرائیله‌ كه‌ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ ده‌كات، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گوتی، له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی غه‌زه‌ خه‌رج بكرێت، باشتره‌ له‌ وڵاتانی دنیا شوێن بۆ ئه‌وان ده‌ستنیشان بكرێ و تێیدا بژین، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ غه‌زه‌.

هاوكات ئه‌و وه‌زیره‌ ئیسرائیلییه‌، ره‌خنه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوكات "ئۆنروا" ده‌گرێ و به‌ شكستخواردوو ناویان ده‌بات، بۆیه‌ ده‌ڵێ له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی غه‌زه‌ كۆ بكه‌نه‌وه‌، باشترین بژارده‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌ وڵاتانی دنیا، شوێن بۆ غه‌زه‌ییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن و تێیاندا بژین.

ئه‌و وه‌زیره‌ ئه‌وه‌شی گوت كه‌ ئیسرائیل زۆر چاره‌سه‌ری ئه‌زموون كردووه‌ تا خۆی له‌ شه‌ڕ دوور بخاته‌وه‌، یه‌ك له‌وانه‌ دروستكردنی دیوارێكی به‌رز تا چه‌كدارانی حه‌ماس له‌ سنووری خۆی دوور بخاته‌وه‌، له‌ هه‌موویان شكستی هێنا، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی من پێشنیازی ده‌كه‌م، سوودی بۆ خه‌ڵكی سڤیلی غه‌زه‌ و ئیسرائیلیش هه‌یه‌.

له‌ حه‌وتی مانگی رابردووه‌وه‌ جه‌نگ له‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی حه‌ماس ده‌ستی پێ كردووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 13 هه‌زار كه‌س كوژراون و سه‌رووی 25 هه‌زار كه‌سی تر بریندار بوون. ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س له‌ دانیشتووانی غه‌زه‌ ئاواره‌ بوون و قه‌یرانی مرۆیی به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌زه‌دا زاڵه‌ و خه‌ڵك ته‌نانه‌ت ده‌ستیان به‌ خۆراك و ئاویش راناگات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د