حەشدی شەعبی هاوكاریی ئاوارەكان وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردێنێت

:: PM:08:21:20/11/2023 ‌
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق نزیك بووەتەوە، كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگەی مووسڵ ئاماژە دەكات كە هێزەكانی ناو حەشدی شەعبی دەزانن دۆخیان باش نییە و دەنگ ناهێنن، بۆیە هاوكارییەكانی حكوومەت، كە لە رێگەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ ئاواركان رەوانە دەكرێت، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردێنن.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و ئیڤان فایەقی وەزیرەكەی، سەر بە بزاوی بابلیوونی رەیان كلدانین، بە تەواوەتی سوود لەو وەزارەتە دەبینن بۆ راكێشانی دەنگ و ناچاركردنی خەڵك بۆ دەنگدان بەوان، ئەوان هاوكارییەكانی تەرخانكراو بۆ ئاوارەكان بە ناوی خۆیان دابەشی دەكەن و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە كاری دێنن، بۆیەش مینحەی گەڕانەوەی ئاوارەكان راگیراوە، بۆ ئەوەی نەكرێتە كەرستەی بانگەشەی هەڵبژاردن.

بەرەكات شەمۆ، كاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی مووسڵ بە "وشە"ی راگەیاند، هێزەكانی حەشدی شەعبی هەموو تواناكانیان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەكار دێنن، دەزانن خەڵك پشتگیرییان ناكات، بۆیە ناچار پەنا بۆ رێگەی تر دەبەن، ئەویش وەزیری كۆچ و كۆچبەرانە كە سەر بەوانە، ئەو پێداویستییانەی بۆ ئاوارەكان دێت و هی حكوومەتە، بە ناوی خۆیان دابەشی دەكەن بۆ ئەوەی دەنگی پێ كۆ بكەنەوە و وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری دێنن.

روونی كردەوە، تەنانەت دابەشكردنی مینحەی ملیۆنێك و 500 هەزار دینار كە بۆ ئاوارەكانی دەگەڕێنەوە تەرخان كرابوو، ئەویشیان بە ناوی خۆیان دابەش دەكرد، بۆیە ئێستە راگیراوە و پێیان نادرێت، بۆ ئەوەی نەكرێتە كەرەستەیەكی بانگەشەی هەڵبژاردن.

شەمۆ دووپاتی كردەوە، خەڵكی مووسڵ كەمدەرامەتن و پێویستیان بە هاوكاری هەیە، ئەوانیش ئەوەیان قۆستووەتەوە و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە خەڵك لە خشتە ببەن و بە ناوی هاوكاری رازیان بكەن كە دەنگ بە كاندیدانی ئەوان بدەن، چونكە دەزانن دەنگ بە دەست ناهێنن و خەڵك دەنگ بەوان نادات و پشتگیری لە لیستی پارتی و كاندیدانی دەكات، ئەمەش بۆ ئەوان كارێكی ناخۆشە و رازی نین، بۆیە پەنا بۆ هەموو رێگەیەك دەبەن بۆ ئەوەی دەنگ كۆ بكەنەوە، بەڵام ئەستەمە سەركەوتوو بن و دەنگی پێویست بەدەست بێنن .

مووسڵ/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل