لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن خواستی لەش بۆ کالۆری کەمتر دەبێتەوە

:: PM:08:36:20/11/2023 ‌

تەمەن یەکێکە لەو هۆکارانەی کە کاردەکاتە سەر پێویستیی ڕێژەی کالۆری لە لەشماندا، هۆکارەکانی پەیوەست بە خواستی کالۆری بۆ لەشمان زۆرن، یەکێک لەو هۆکارانەی کە کاردەکاتە سەر پێویستی ڕێژەی کالۆری بۆ لەشمان بریتییە لە گەورەیی قەبارەی لەشمان، تا لەشی مرۆڤ گەورەتر بێت، پێویستیی بە کالۆری زیاتر دەبێت بۆ ڕایی کردنی چالاکییەکانی ڕۆژانە.

یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە ڕاستەخۆ پێوەندییان بە پێویستی کالۆری هەیە بۆ لەشمان بریتییە لە چالاکی کەسەکە، ئەگەر بێت و کەسێک چالاکییەکی زۆر ئەنجام بدات لە ڕۆژێکدا، ئەوا لەشی پێویستی بە کالۆرییەکی زیاتر دەبێت بە بەراورد بە کەسێکی ناچالاک.

بە ڕای شارەزایان، تەمەن و بەساڵاچوون یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە کاریگەری دەخەنە سەر پێویستی ڕێژەی کالۆری بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی جەستەمان.

بەپێی ڕاپۆرتە تەندروستییەکان، لە تەمەنی 19 ساڵی بەدواوە پێویستیی لەشمان بۆ کالۆری کەمتر دەبێت، ئەمەیش بە جۆرێک لەگەڵ هەر ساڵێک لە هەڵکشانی تەمەن، لەشمان 11 کالۆری کەمتری پێویست دەبێت بە بەراورد بە ساڵی پێشوو، بۆ نموونە ئەگەر ژنێک لە تەمەنی 20 ساڵیدا ڕۆژی 2,450 کالۆری بەکاربردبێت، ئەوا لە تەمەنی 80 ساڵی پێویستیی لەشی بۆ کالۆری کەم دەبێتەوە بۆ 2,150 لە ڕۆژێكدا.

پسپۆڕان باس لەوە دەکەن هۆکارێكی سەرەکی کە وا لە کەسە بەتەمەنەکان دەکات لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان کەمتر خواردن بخۆن، یاخود خواستیان بۆ خواردن کەم دەبێتەوە، بریتییە لەوەی کە لەشیان کەمتر لە جاران پێویستی بە کالۆری دەبێت. 

لەگەڵ ئەوەی کە هەڵکشانی تەمەن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خواستی خواردن و خواردنەوە، بەڵام شارەزایان ڕێنوێنی کەسە بەتەمەنەکان دەکەن زیاتر لە جاران ڤیتامینەكان بخۆن، تەنانەت ئەگەر دەکرێت حەبی ڤیتامین وەربگرن، ئەمەیش بە هۆکاری ئەوەی کە جیاواز لە کالۆری لەگەڵ بەساڵداچوون پێویستیمان بۆ ڤیتامین زیاتر دەبێت.



وشە - ئارا هێمن