"بەغدا خێری بۆ خۆی نییە تا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی هەبێت"

:: PM:09:21:20/11/2023 ‌

كاتێك داهاتی نەوت لە ژێر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو و هەرێم خاوەن ئابووریی سەربەخۆ بوو، هیچ كات دابەشكردنی مووچە دوا نەدەكەوت و لە سەرەتای مانگەوە دەست بە دابەشكردنی دەكرا و حكوومەتەكە لە ماوەی چەند رۆژێكدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دابەش دەكرد، بەڵام ئێستە بەهۆی ئەوەی لە بەغداوە پارە رەوانە دەكرێت، شەش مانگە مووچە لای بەغدایە، سێ مووچەی نەداوە و دوو مانگ مووچەش لە وادەی خۆی دوا كەوتووە، ئەمەش وەڵامێكە بۆ عێراقچییەكان كە داوای چوونە سەر بەغدایان دەكرد.

گەڕانەوەی داهات بۆ بەغدا و نەمانی لە ژێر دەستی حكوومەتی هەرێم، وای كردووە فەرمانبەرانی هەرێم چاویان لە دەستی بەغدا بێت تا مووچە بۆ هەرێم بنێرێت و دابەش بكرێت، ئەمەش یەكێكە لە خراپییەكانی نەبوونی ئابووری سەربەخۆ، ئەو كاتەی كار بۆ ئەوە كرا كە هەرێم بچێتەوە سەر بەغدا، زۆر لە پەرلەمانتار و حزبەكانیش شاگەشكە بوو بوون و وەك دەستكەوتێكی گرنگ باسیان دەكرد، ئەوەیان دەگوت كە چیتر هەرێم مووچەی دوا ناكەوێت، بەڵام چەند مانگێكە مووچەی هەرێم بەهۆی بەغداوە دوا دەكەوێت.

لەوبارەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێك لە سەركەوتنەكانی حكوومەت لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو ئەوە ‌بوو كە داهات لە ژێر دەستی خۆی بوو، بە شێوەی ئابووریی سەربەخۆ مامەڵەی دەكرد و هەرچی داهات هەبوو كۆی دەكردەوە، لە سەرەتای مانگەوە دەستی بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكرد و لە چەند رۆژێكدا مووچەی دابەش دەكرد، ئەوكات فەرمانبەران لەوە ناڕازی بوون كە درەنگ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، بەڵام وا شەش مانگە لە بەغداوە پارە دێت و مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرای هەرێمی نەداوە‌.

روونی كردەوە، ئەوەی لە رابردوو حكوومەت كردی، هۆكارەكەی ئەو ئابوورییە سەربەخۆیە بوو كە داهاتەكە لای خۆی بوو، مووچەی دەدا و پڕۆژەی جێبەجێ دەكرد و خزمەتگوزاری پێشكەش دەكرد، بەڵام ئێستە بە ناوی یاسای بودجەوە شەش مانگ دەبێت بەغدا پارە نانێرێت، كە ئەمە هیچی لە بەرژەوەندیی خەڵكدا نییە، بۆیە بەغدا هەموو شتێكی تێك دا، راستییەكەی هۆكارەكەی ئەوە بوو لە ناوخۆ كۆمەڵێك كاریان بۆ ئەوە كرد و دواجار ئەوەی لێ كەوتەوە، ئەگینا كوا بەغدا پابەندی یاسا و رێككەوتنە، لە لایەك پابەند نییە و لە لایەكی تر قەرز دەدات، ئەو قەرزەش لە سەرمان بارگرانی دەبێت.

لای خۆیەوە عەلی كەریم، فەرمانبەر بە "وشە"ی گوت، شەش مانگە مووچەمان لای بەغدایە، هێندەی پێنج ساڵی رابردوو هەواڵ و قسە لەسەر مووچەی فەرمانبەران كرا، هات و نەهات و دواكەوت و كێشەی بۆ دروست بوو، هەفتەكەی تر دێت و لەو رۆژەدا دێت، هەر دڵمان لای ئەوەیە بەغدا دوای نەخات، ئاخر بەغدا چ خێرێكی بۆ خۆی هەیە تا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی هەبێت، یەك دەڵێ دێت یەك دەڵێ نایەت.

ئاماژەی كرد، ئەم بەغدایە كوا وڵاتی یاسایە، شتێك كاری پێ نەكرێت یاسایە، ئەگەرنا بۆ یاسای بودجە بۆ هەرێم كار پێ ناكات، تا لەگەڵ پەسندكردنی بودجە یاساكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرێم خاوەنی داهات ‌بوو بەو جۆرە دوا نەدەكەوت ئەگەر هەفتەیەك دابەشكردن دوا بكەوتایە،‌ كەچی بەغدا لە شەش مانگ سێی داوە و سێی نەداوە.

پێوەست بەو بابەتەوە نەجوا كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، یاسای بودجە هەیە و پێشتریش هەردوو حكوومەت رێككەوتنیان هەیە، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دەدات و سێ مانگە هی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوە، بۆیە چاوەڕێكردنی بەغدا هیچ لە بەرژەوەندیی فەرمانبەر نییە، مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە بەهۆی ئەوەی بەغدا پارەی نەناردووە، ئەوە ئەو بەغدایەیە كە لە ناوخۆ هیوایان لەسەر هەڵچنیبوو و داوای گەڕانەوەیان بۆ سەر بەغدا دەكرد.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل