كەشناسیی هەرێم: شەپۆلێكی بەفر بەڕێوەیە

:: PM:09:41:20/11/2023 ‌
دوای ئەوەی دوێنێ 19ی تشرینی دووەم، شەپۆلێكی بەهێزی باران تەواوی كوردستانی گرتەوە، دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وادەی كۆتاهاتنی شەپۆلەكەی راگەیاند، ئاماژەیشی كردووە شەپۆلێكی بەفر لەناوچە شاخاویەكان بەڕێوەیە. 

كەمێك پێش ئێستە دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، پێشبینى دەکرێ ئەمشەو نمەباران بۆ بارانى مامناوەندى پچڕ پچڕ بەردەوام بێت لە سەنتەرى شارەکان، لە ناوچە شاخاوییەکانى باکور و باکورى ڕۆژهەڵاتیش بارانى مامناوەند ببارێت.

زیاتر هاتووە، هاوکات شەپۆلێکى بەفریش دەبارێت لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک لە شارۆكە و شارەدێ نزیکەکانى ئەو ناوچانە وەک ئامێدى، کانى ماسى، چامانکێ، حاجی ئۆمەران و مەرزی کێلی، هەروەها پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەبنەوە.

لەگەڵ ئەم راگەیەنراوەیدا دەستەی كەشناسی رێژەی بارانی لە ماوەی 12 سەعاتی رابردوودا بڵاو كردووەتەوە، كە مێرگەسوور بە بارانی 53 ملیم زۆرترین رێژەی دابارانی تۆماركردووە لە كاتێكدا، دوكان كەمترین رێژەی دابارانی بەخۆیەوە بینیوە و لە 12 سەعاتی رابردوودا تەنیا 4 ملیم باران باریوە.


وشە - رزگار خدر