ئێستە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتییەكەی، بەڵام بەهۆی نزیكبوونەوە لەو كاتەی دیاری كرابوو، ئەگەری هەیە كۆنگرە ساز نەكرێ و دوا بكەوێت.
ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تشرینی دووەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دەمانەوێت هەڵبژاردنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە كاتی خۆی ئەنجام بدرێت.
زیاتر گوتی، بڕیارە لە سێی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەندامانی كۆنگرە دێنە هەڵبژاردن، كە زیاتر لە 84 هەزار ئەندام لەو یەكێتییە دەتوانن بەشداریی دەنگدان بكەن.
لەبارەی بڕیاری حكوومەت بۆ سەرجەم رێكخراو و یەكێتی و كۆمەڵەكان كە پێویستە سەرجەمیان ئەمساڵ كۆنگرە بكەن، بە پێچەوانەوە رادەگیرێن. گەرمیانی گوتی، ئەگەر ئەمساڵ كۆنگرەمان نەكرد، پێمان خۆشە كارەكانمان رابگیرێت.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بڕیارێك دەرچوو لەلایەن سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە پێویستە سەرجەم رێكخراوە مەدەنییەكان كۆنگرە بكەن، ئێستە بەشێكی زۆریان كۆنگرەیان بەستووە، یەكێتیی مامۆستایانیش سەرقاڵی ئامادەكارییەكانیەتی بۆ كۆنگرە.