مێژوونووس و ڕۆماننووسێكی بەریتانی باس لە سەڵاحەدینێكی كورد دەكات

:: AM:09:08:21/11/2023 ‌
كتێبەكەی سەڵاحەدین، گێڕانەوەیەكی میتافیكشنانەی ئەودیو خەیاڵكردەیی تاریق عەلییە، لەبارەی گرتنەوەی قودس لەلایەن سەڵاحەدینی ئەیووبی و سەرهەڵدانی ماڵباتی ئەیووبییەكان. تاریق عەلی لەو بڕوایەدایە كە دەستبەربوونی پاڵپشتیی خێڵەكی (العصبیە/دەمارگیری) و نمایشكردنی باشترین توخمگەلی شارستانێتیی مسوڵمان (العمران/ئاوەدانی)، وای لە سەڵاحەدین كرد بنەماڵەی ئەیووبی بگەیەنێتە ئەوپەڕی مەزنایەتیی خۆی.

لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە"، نووسەر و وەرگێڕ شەفیقی حاجی خدر ئاماژەی بەوە دا، ڕۆمانەكەی سەڵاحەدین  ٥٤٠ لاپەڕەیە، پاشكۆیەكیشی تێدایە، ئەویش لێكۆڵینەوەیەكی تێروتەسەلە لەبارەی كتێبەكە بەناوی خوێندنەوەیەكی خەلدوونییانە بۆ كتێبەكەی سەڵاحەدین.

هاوكات گوتی، كەتنی كریستیانەكان و هەڵسانەوەی مسوڵمانەكان لە سووڕێكی دەورانی خۆیدا ڕووی دا، تیۆری سوڕی دەورانی ئیبن خەلدوونە بە سەرهەڵدان و ڕووخانی شارستانێتی لە كتێبی موقەدیمەی خۆیدا، ڕێك لەگەڵ چوارچێوەی تیۆری ئەم لێكۆڵینەوەدا دێتەوە. ئەم لێكۆڵینەوەیە ئەو ڕوانینە ئەوروپییە بۆ مێژووی شاڵاوی خاچدارەكان هەڵدەوەشێنێتەوە و بەدوای ئاراستەی هەنووكەیی كێشە كۆمەڵایەتییە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەڕوا .

"تاریق عەلیش مێژوونووس و ڕۆماننووسێكی بەریتانی بەڕەچەڵەك پاكستانییە. لە هزردا چەپڕەوە و تا ئێستە پێنج ڕۆمانی لەسەر قۆناغە جیاجیانی ئیسلام بڵاو كردووەتەوە، ئەم كتێبەیان لەو پێنجینە ئیسلامییەدا دووەمین كتێبە"، وەرگێڕ وادەڵێت.

باسی لەوەش كرد لەم رۆمانەدا بەر بە سەڵاحەدینێكی كورد بە هەموو خاسیەتە جوامێرییەكانی كەسێكی نموونەیی دەكەوین. ئەم ڕۆمانە پشتی بەڕاستییە مێژووییەكان بەستووە، بۆیە قۆناغەكانی ژیانی ئەو سوڵتانە مەزنە و دەوروبەرەكە بە جوانی گواستووەتەوە، هەر بە وشە تابلۆیەكی ئاوێنەنمای سەردەمی سەڵاحەدین كردووە.

هەرچەندە كەنیسە كاتی خۆی زیاتر لە سەدەیەك خەریكی ناوزڕاندنی ئەو سوڵتانە مەزنە بووە، لێ كاتێ لە نووسین و دانراوی نووسەرانی ڕۆژئاوا دەڕوانین، ئەوەمان بۆ دەردەكەوی كە كەنیسە بە بەدنیازییەكەی خۆی سەركەوتوو نەبووە. 

وەرگێڕ و دوو پسپۆڕ لە بواری سەڵاحەدین، لە سێ پێشەكیدا ئاماژەیان بەو شتە داوە، ڕۆمانەكە كە ٥٤٠ لاپەڕەیە، پاشكۆیەكیشی تێدایە، ئەویش لێكۆڵینەوەیەكی تێروتەسەلە لەبارەی كتێبەكە بەناوی خوێندنەوەیەكی خەلدوونییانە بۆ كتێبەكەی سەڵاحەدین.
شەفیقی حاجی خدر لە 1968 لە گوندی (گرتک) لە دۆڵی ڕۆستێی دەڤەری باڵەکایەتی لەدایکبووە. لە 1988 بەکالۆریۆسی لە قانوون، لە زانکۆی بەغدا وەرگرتووە. ساڵی 1997 ەوە تا 2012 ئاوارەی ئەورووپا، (هۆڵەندا و بەریتانیا) بووە. لەپاڵ زمانی زگماکیدا زمانەکانی عەرەبی و هوڵەندی و ئینگلیزیش دەزانێ.
ئێستا 17 پەڕتووکی لە زمانەکانی هۆڵەندی و ئینگلیزییەوە وەرگێڕاون، دەیان وتار و لێکۆڵینەوەی قانوونی و سیاسیشی بڵاوکردوونەتەوە. 



وشە - سۆران عەزیز