98 ڕۆژە پەكەكە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارتی دیموكراتی كوردستانیان ڕفاندووە

:: AM:09:42:21/11/2023 ‌
98 ڕۆژە  ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا، بە فەرمانی پەكەكە لەلایەن گەریلاكانی پەیەدەوە لە گركێ ڕفێنراوە و هێشتا چارەنووسی نادیارە، سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا ڕای گەیاندووە، دۆسیەی جنێدیان گەیاندووەتە لای ئەمەریكی و فڕەنسی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخەنە سەر پەیەدە تا جنێد ئازاد بكەن.

جنێد سەید مەجید و بارزان حوسێن سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا (پەدەكە)ن، لە 15ی ئابی ئەمساڵدا لەلایەن گەریلاكانی پەیەدەوە لە گركێ ڕفێنران، لە ڕێكەوتی 30 ئەیلوولدا بارزان حوسێن ئازاد كرا، بەڵام تا ئێستەش چارەنووسی جنێد سەید مەجید دیار نییە.

ئەمە یەكەمجار نییە كە جنێد سەید مەجید دەستبەسەر دەكرێت و پێشتریش دووجار ڕفێنراوە و ئەشكەنجە دراوە، یەكەمجار لە 12ی ئابی 2017دا دەستبەسەر كرا و لە 12ی شوباتی هەمان ساڵدا ئازاد كرا، جاری دووەم لە پێنجی ئاداری 2019دا دەستبەسەر كرا و زۆر بە توندی و بەشێوەیەكی وەحشییانە ئەشكەنجە درا.

لای خۆیەوە محەمەد ئیسماعیل سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا ڕای گەیاندووە، دۆسیەی جنێدیان گەیاندووەتە لایەنی ئەمەریكی و فڕەنسی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخەنە سەر پەیەدە تا جنێد ئازاد بكەن.

سكرتێری پەدەكە وێڕای داوای ئازادكردنی جنێد سەید مەجید، ئاماژەی بەوە كردووە لەگەڵ ئەوەی چالاكانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانەكان دەستبەسەر دەكرێن، كەچی تووشبووان و بازرگانانی مادە هۆشبەرەكان، لە كۆڵانەكاندا ئازادانە دەسووڕێنەوە و لە كارە نایاساییەكانیان بەردەوامن و كێشە و ئاستەنگ بۆ خەڵك دروست دەكەن.

شایانی باسە هەر لەو پێوەندییەدا ڕێكخراوی دەنگی گیراوەكان، دووجار لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕاگەیەنراوی تایبەت بە ڕفاندنی جنێد سەید مەجیدی بڵاو كردووەتەوە و تێیاندا داوای ئاشكراكردنی چارەنووس و دەستبەجێ ئازادكردنی كردووە.

سەرەڕای بانگەواز و داوای بەردەوامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی، چالاكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان لە پەیەدە/پەكەكە بۆ كۆتاهێنان بە پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ و كردەوەی ڕفاندن و دەستبەسەركردنی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام پەیەدە لەسەر كردارەكانی خۆی سوورە و هەر ماوە نا ماوەیەك، ژمارەیەك لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەنەكەسە و حزبەكانی ئەندام لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دەستبەسەر دەكات.

ئەنەكەسە بەردەوام دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو كردەوانەی پەیەدە، دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی كوردەكان و ناچاریان دەكات كۆچ بكەن و زێد و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێبێڵن، داوادەكات هەرچی زووە سنوورێك بۆ ئەو كردەوە دژە گەلییانەی پەیەدە دابنرێت.



وشە - سۆران عەزیز