پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق رای گەیاند، ئەیاد جبووری سەرۆكی دەستەی خانەنشینی پێشووی عێراق، لەگەڵ چەند كەسێكی دەستەكە گیراون، ئەوە لە كاتێكدا بوو سەرۆكی ئەو دەستەیە ڕای گەیاندبوو، مووچەی یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس بەچەند هۆكارێكی جیاجیا راگیراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەڵمەتێكی وردبینیی بەرفراوانیان دەست پێ كردووە، نزیكەی 80 هەزار خانەنشینی نایاساییان ڕاگرتووە.
مەشعان جبووری سەرۆكی حزبی وەتەن و پەرلەمانتاری پێشوو عێراق، لە پلاتفۆرمی ئێكس "تویتەری پێشوو"، گرتنی ئەیاد جبووری سەرۆكی دەستەی خانەنشینی پێشووی عێراق، لەگەڵ چەند كەسێكی تر لە دەستەكەدا بەتۆمەتی گەندەڵی راگەیاند. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "گرتنی ئەیاد جبووری و دەستەكەی بەتۆمەتی گەندەڵی، كارگێڕی و دارایی و ساختەكردنی مامەڵەی خانەنشینی بووە، ئێستە لە بنكەی پۆلیس دەستبەسەر كراون.
جبووری ئاماژەی بەوەش كرد، ئەیاد جبووری لە سەردەمی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانەوە كاندید كرا بۆ سەرۆكایەتیی دەستەی خانەنشینی، كە بووە یەكێك لەوانەی بەكاری دەهێنا بۆ تاڵانی سامانی گشتی.
پشتبەستن بە ڕاسپاردەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دیوانی چاودێریی دارایی، كە لە ئەنجامدا دەركەتووە پێشێلكاریی یاسایی و دارایی و كارگێڕی لە دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی هەبووە، بۆیە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران، فەرمانێكی دەركرد بۆ كۆتاهێنان بە ئەركی ئەیاد مەحموود هادی جبووری وەك سەرۆكی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی و دانانی ماهیر حوسێن ڕەشید لە شوێنی ئەو.
ئاماژەی بەوەش كردووە: "سوودانی سەرۆكی نوێی دەستەكەی ڕێنوێنی كردووە، كار لەسەر ئاسانكردنی ڕێكارەكانی پێوەست بە مامەڵەی خانەنشینان بكات بشێوەی ئەلیكترۆنی.''
هەروەها داواش كراوە باڵەخانەیەكی گونجاو بۆ دەستەكە ئامادە بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو دامەزراوەیە بتوانێت خزمەتگوزاریی تەواو پێشكەش بە خانەنشینان بكات، ئاسانكاری بۆ پێداچوونەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی پێداویستییەكانیان بكات.
ئەیاد جبووری یەكێكی تر لە كەسایەتییە سوننەكانی عێراقە و لە سەردەمی مستەفا كازمی وەك سەرۆكی دەستەی خانەنشینی عێراق دەستبەكار بوو، بە یەكێك لە نزیكەكانی محەمەد حەلبووسی دەناسرێت.