جارێكی تر سلێمانی سزا درا

:: AM:10:48:21/11/2023 ‌
جارێكی تر خەڵكی سلێمانی سزا دران و گەشتی وڵاتێكی تریان لێ‌ قەدەغە كرا. خاوەن كۆمپانیایەكی گەشتیاریش دەڵێت، لەو بڕیارە تەنیا خەڵكی سلێمانی سزا دەدرێن.

دوای سزاكانی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی كە چیتر رێ نادات لە فڕۆكەخانەی سلێمانی گەشتی فڕۆكە بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێ‌، لە نوێترین بڕیاردا وڵاتێكی تر خەڵكی ئەو شارەی سزا دا.

محەمەد رواندزی خاوەنی كۆمپانیای گەشتیاری بڵاوی كردووەتەوە، ئازەربایجان هاوشێوەی توركیا، سزای خەڵكی سلێمانی دا و چیتر ڤیزە بە خەڵكی ئەو شارە نادات بۆ گەشتكردن.

باسی لەوەش كردووە، تەنانەت گرووپە گەشتیارییەكانیش ناتوانن خەڵكی سلێمانی لەگەڵ خۆیان ببەن، بەڵام هاووڵاتییانی تەواوی عێراق رێیان پێ دراوە گەشت بكەن، بۆیە تەنیا هاووڵاتییانی سلێمانی زیانمەندی یەكەمن لەو بڕیارە.

هاوكات هەڤاڵ خۆشناو خاوەنی نووسینگەی تكتی فڕۆكە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەبێ‌ هیچ هۆكارێك ئاگادار كراوینەتەوە كە پاسپۆرتی هاووڵاتیی سلێمانی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئازەربایجان بەرز نەكەینەوە، چونكە پێیان نادرێ‌.

ئەو بڕیارەی ئازەربایجان لە كاتێكدایە، ماوەی ساڵێكە توركیا بەهۆی بوونی چالاكیی پەكەكە لە سنووری سلێمانی، سزای فڕۆكەخانەی سلێمانی داوە و رێ نادات فڕۆكە بچێتە توركیا یان بە ئاسمانی ئەو وڵاتە بفڕێت.



وشە - رامیار جەواد