ئەمڕۆ بەشێوەیەكی فەرمی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوی كۆتاپێهێنانی راژەی محەمەد حەلبووسی بڵاو كردەوە، بەڵام ساڵێك هەڵە لە مێژووەكەی هەیە.
ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تشرینی دووەم، نووسراوی كۆتاپێهێنانی محەمەد ڕێكان حەلبووسی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەن موحسین مەندەلاوی جێگرەكەی واژوو كرا و بڵاو كرایەوە.
لە نووسراوەكەدا ئەوەی جێی سەرنجە، لەبری ساڵی 2023، ساڵی 2022 لە نووسراوەكەی كۆتاپێهێنانی ڕاژەی حەلبووسیدا بوونی هەیە.
مەندەلاوی كە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەبات و فەرمانەكەشی بە ناوی سەرۆكەوە واژوو كردووە.
سێشەمی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێكی كتوپڕ، كۆتایی بە ئەندامیەتیی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پەرلەمان هێنا، سەرۆكی دادگای فیدراڵی دووپاتی دەكاتەوە كە بڕیارەكە تانەلێدانی یاسایی نایگرێتەوە.
تا ئێستە شەش ناو لەلایەن سوننەكانەوە دیاری كراون بۆ جێگرتنەوەی محەمەد حەلبووسی، بەڵام لەو شەش كەسە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی، دوو لەو پاڵێوراوانەن كە زۆرترین چانسیان هەیە، رەنگە بازەكە لەسەر شانی یەكێكیاندا بنیشێتەوە، سبەیش بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوە هەیە.